هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانى کۆلۆمبیا (فارک -FARC) یەکێک لە رێکخستنە پێشەنگەکانى راپەڕینى جوتیاران و گوندیانی کۆلۆمبیا بوو لە ساڵی ١٩٦٤دا. فارک لە چوارچێوەى رێککەوتنى ئاشتی لە ساڵی ٢٠١٦دا، لە ساڵی ٢٠١٧دا چەکەکانى رادەستى بەرپرسانى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. زیاتر لە ٧ هەزار گەریلای فارک بڕیاریاندا بەشداری کاری سیاسی ببن، بەڵام چەند دەستەیەک لە گەریلاکانى فارک لە دژی چەکدانان و رێککەوتنەکە بوون و ئامادە نەبوون چەکەکانیان دابنێن.
گەریلاکان پێش ئەوەى بەشداری ژیانى سیاسی ببن لە ناوچەیەکدا و لە ژێر چاودێریى نەتەو یەکگرتووەکاندا کۆبوونەتەوە. گەورەترین نیگەرانیى گەریلاکانى پێشوو، هەڵوێستى ئیڤان دۆکە مارکیز سەرۆک کۆماری نوێى کۆلۆمببایە، کە لە دژی ئاشتییە. نازانرێت دۆکە لە دواى دانانى چەک لەلایەن گەریلاکانى فارکەوە چۆن دەجوڵێتەوە و دەیەوێت چی بکات.
فارک دواى دانانى چەک ناوی خۆی گۆڕی بۆ هێزى شۆڕشگێڕیى ئەڵتەرناتیڤ بۆ گەل. سەرباری ئەوەش هەندێک لە گەریلاکانى فارک ئامادە نەبوون چەک دابنێن.
خیانەت لە رێککەوتن، تەڵە و فریودانێکى گەورە!
گرنگترین راگەیاندراو لەبارەى ئاشتییە گەورەکەى فارکەوە لەلایەن ئێڤان مارکیزەوە بڵاوکرایەوە، کە خۆی دانوستانکاری سەرەکیى پرۆسەى ئاشتى بوو. مارکیز لە ساڵانى ٢٠١٢ تاوەکو ٢٠١٦ بەشداریى دانوستانەکانى ئاشتیى لەگەڵ حکومەتى کۆلۆمبیا لە کوبا کرد.
چەند هەفتە لەوە پێش راگەیاندرا ئێڤان مارکیز گۆڕەپانى کاری سیاسیى بەجێهێشتووە و "ون" بووە. مارکیز نامەیەکى بۆ کۆمسیۆنى ئاشتیى سیناتی کۆلۆمبیا نووسیوە و تیایدا باسی هەڵوێستى دەوڵەت و هەڵەکانى فارک کردووە.
مارکیز نامەکەى بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆسکار مۆنتێرۆ یەکێک لە سەرکردە دیارەکانى گەریلاکانى فارک نووسیوە. لە نامەکەدا نووسراوە، ئەو گۆڕانکارییانەى لە دواى رێککەوتنى ئاشتی روویانداوە، رێککەوتنەکەى گۆڕیوە بۆ "مۆتەکەى فرانکشتاین". (مۆتەکەى فرانکشتیان: فرانکشتاین رۆمانێکی بەناوبانگی مێری شێلی-یە. فرانکشتاین زانایەکى گەنج و خۆپەرست بوو. لە پارچەکانى جەستەى مرۆڤە مردووەکان، مرۆڤێکى تری دروست دەکرد و ئەومرۆڤە دروستکراوە ئەوەندە ترسناک بوو، کە خودی دروستکەرەکەیشی لێى رادەکرد).
نامەکەى مارکیز و مۆنتێرۆ لە زۆربەى میدیاکانى ناوچەکەدا بە بەربڵاوى بڵاوکرایەوە. مارکیز و مۆنتێرۆ لە نامەکەیاندا بەشێوەیەکى تایبەت ئاماژەیان بە گۆڕانکارییەکانى دواى دانانی چەک لەلایەن گەریلاکانى فارکەوە کردووە. لە نامەکەدا رەخنە لەوە گیراوە "ئەوە بێبەختی و چارەڕەشییە، تەڵە و فریودانە. بە خیانەتێکى لەمجۆرە ئاشتى بەدی نایەت. دەبێت رێککەوتنەکە، کە لە مەراسیمێکى فەرمیدا واژۆکراوە، جێبەجێ بکرێت".
'سەرباری هۆشدارییەکانى سەرکردەى دامەزرێنەری فارک، ئێمە لەلایەن حکومەتەوە هەڵخڵەتێنراین'
مارکیز و مۆنتێرۆ ئاماژەیان بەوەکردووە، هەڵەیەکى زۆر گەورمان کرد، کە پێش جێبەجێکردنى تەواوەتیى رێککەوتنەکە بۆ ئاشتی چەکمان دانا.
لە نامەکەدا ئاماژەش بە وتەیەکى مانۆیل مارولاندا ڤێڵز (پێدرۆ ئانتۆنیۆ مارین مارین) سەرۆکى دامەزرێنەرى فارک کراوە، کە ساڵی ٢٠٠٨ کۆچی دوایى کردووە. وەک لە نامەکەدا هاتووە "مانۆیل مارولاندا ڤێڵز زۆر جار هۆشداریى پێداین و پێى دەگوتین، 'تاکە زامن و گرەنتیى رێککەوتنى چاوەڕوانکراوی ئاشتى، چەکە'، بەڵام سەرباری ئەو هۆشدارییانە ئێمە بە دڵێکى پاک و بە 'نیازی ئاشتی' لەلایەن حکومەتەوە هەڵخڵەتێنراین".
ئەو سەرکردەیەى گەریلاکانى فارک رایانگەیاند، تاوەکو ئێستاش لەبارەى بەشداربوونی گەریلا لە ژیانى کۆمەڵایەتیدا هیچ رێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە و بڕیارێکى هەڵە بوو کە بەبێ جێبەجێکردنى تەواوی رێککەوتنەکە چەک دانرا.
شەڕی ناوخۆی کۆلۆمبیا لە ساڵی ١٩٦٤ەوە دەستیپیکرد. بەو هۆیەوە زیاتر لە ٢٦٠ هەزار کەس کوژران. دەیان هەزار کەسیش بێسەروشوێن کران. دانوستاندنی نێوان فارک و دەوڵەتى کۆلۆمبیا لە ساڵی ٢٠١٢ و دوای ٤٨ ساڵ لە شەڕکردن لە وڵاتى کوبا دەستیپێکرد و لە ساڵی ٢٠١٦دا رێککەوتتنى ئاشتى ئیمزا کرا. ساڵی ٢٠١٧ فارک لە ژێر چاودێریى نەتەوە یەکگرتووەکان، چەکەکانی رادەستى بەرپرسانى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
دواى ئەوەى فارک خەباتەکەى لە تێکۆشانى چەکدارییەوە گواستەوە بۆ گۆڕەپان و ژیانى سیاسی، بەشێک لە گەریلاکان ئامادە نەبوون دەست لە چەک هەڵبگرن. دواى ئەوەى زۆربەى فارکییەکان بە چڕی بەشداری ژیانى سیاسی بوون، سوپاى زرگاریى نیشتمانى (ELN) وەک گەورەترین بزووتنەوەى گەریلایى و چەپ لە کارەکانى خۆی بەردەوامبوو.
ساڵی ٢٠١٧ دانوستانیش لەگەڵ سوپاى زرگاریى نیشتمانى (ELN) دەستیپێکرد، بەڵام لەبەر هەڵوێستى ئێڤان دۆکە سەرۆکى نوێ کۆلۆمبیا، ئەنجامى ئەو دانوستانانەش بە نادیاری ماوەتەوە.
ر.م