ئای پی: تره‌مپ ویستویه‌تی هێرشی سه‌ربازی بكرێته‌ سه‌ر ڤه‌نزوێلا

ڕاگه‌یه‌ندرا كه‌ دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ویستویه‌تی بۆ كۆتاییهێنان به‌ ڕووداوه‌كانی فه‌نزوێلا، هێرشی سه‌ربازی بكرێته‌ سه‌ر.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵی ئاژانسی ئه‌سۆشه‌یتد پرێس (AP)، كاربه‌ده‌ستێكی پله‌به‌رزی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاندووه‌‌ كه‌ تره‌مپ له‌ ئابی ساڵی ڕابردوو پێشنیازی كردووه‌ كه‌ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ فه‌نزوێلا بكرێت. له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ تره‌مپ پێشنیازی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكای له‌ فه‌نزوێلای خستووه‌ته‌ ڕۆژه‌ڤی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك، به‌ڵام ئه‌و به‌رپرسه‌ پله‌به‌رزانه‌ی كه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون، پێشنیازه‌كه‌یان په‌سه‌ند نه‌كردووه‌.

تیله‌رسن و ئه‌وانی دیكه‌ له‌ دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌

له‌ درێژه‌ی هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ڕاوێژكارانی تره‌مپ پێیان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ فه‌نزوێلا، له‌وانه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت. سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش چه‌ند نموونه‌یه‌كی پێشتری ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازیی سه‌ركه‌وتووانه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو. به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی هۆشدارییان به‌ تره‌مپ داوه‌ بریتین له‌ ریكس تیله‌رسن وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ و هێربێرت رایمۆند ڕاوێژكاری به‌رگری كه‌ ئێستا هه‌ردووكیان به‌رپرسیاره‌تییه‌كه‌یان نه‌ماوه‌.

هه‌ر به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی ئه‌و ئاژانسه‌، تره‌مپ له‌ دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش چه‌ندین جار ئالته‌رناتیڤی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ دووپات كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ڕۆژی ١١ی ئابی ٢٠١٧ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاشكاوانه‌ باسی كردووه‌. بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ كرا كه‌ تره‌مپ ده‌رباره‌ی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ فه‌نزوێلا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی كۆڵۆمبیا ژوان مانوێل سانتۆس قسه‌ی كردووه‌ و له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ مانگی ئه‌یلوولیشدا ئه‌و بابه‌ته‌ی بۆ چه‌ند سه‌رۆكێكی ئه‌مه‌ریكای لاتین ئاشكرا كردووه‌. له‌ هه‌واڵه‌كه‌ی ئاژانسی ئای پی-دا ده‌ستنیشانكراوه‌ كه‌ هیچ سه‌رۆكێكی ئه‌مه‌ریكای لاتین وه‌ڵامێكی ئه‌رێنییان ده‌رباره‌ی داواكاری ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

كۆشكی سپی ڕوونكردنه‌وه‌ی نه‌داوه‌

تا ئێستا ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ لایه‌ن كۆشكی سپیی ئه‌مه‌ریكاوه‌ نه‌دراوه‌. به‌ڵام ده‌گوترێت كه‌ وته‌بێژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ڕایگه‌یاندووه‌ له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ فه‌نزوێلا هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كان به‌كاردێنن.

دوای ئه‌وه‌ی هۆگۆ چاڤێز ساڵی ٢٠١٣ مرد، نیكۆلا مادوورۆ وه‌ك سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرا. ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕه‌و له‌ ساڵی ٢٠١٥ به‌دواوه‌ مادوورۆ به‌ به‌رپرسیاری قه‌یرانی ئابووری داده‌نێت و زه‌ختی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی لێ ده‌كات. مادوورۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ڕه‌تكرده‌وه‌. له‌ خۆپیشاندانه‌كانی دژی سه‌رۆك كۆماردا زیاتر له‌ ١٠٠ كه‌س مردن. نیكۆلا مادوورۆ له‌ ته‌مووزی پاردا له‌ بری ئه‌نجوومه‌نی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ جڵه‌وه‌كه‌ی له‌ ده‌ستی ئۆپۆزسیۆندایه‌، ئه‌نجوومه‌نێكی دامه‌زرێنه‌ری ڕاگه‌یاندبوو.

s.m