ئه‌سه‌د: ئه‌ردۆغان پشتگیریی تیرۆریستان ده‌كات

سه‌رۆكی سووریا ڕایگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك كۆماری توركیا پشتگیریی تیرۆریستان ده‌كات.

به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی SKAIی یۆنان ڕایگه‌یاند: ئه‌ردۆغان پشتگیریی تیرۆریستان ده‌كات و له‌ به‌ره‌ی ئیخوان موسلیمینه‌. ئه‌سه‌د شه‌ڕی سووریای وه‌ك شه‌ڕێكی جیهانی ناوبرد و گوتی: ئه‌م شه‌ڕه‌، له‌ شه‌ڕی سارد زیاتره‌ و له‌ شه‌رێكی سه‌ختیش كه‌متره‌.

به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رنجی ڕاكێشایه‌ سه‌ر هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر سووریا و بوونی ئێران له‌ سووریا. له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: هیوام وایه‌ كه‌ له‌نێو ئه‌و لایه‌نه‌ به‌هێزانه‌دا شه‌ڕێكی سه‌خت ڕوونه‌دات.

ده‌رباره‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی سه‌رۆكی سووریا ڕایگه‌یاند: له‌ ساڵی ٢٠١٣ به‌دواوه‌ هیچ چه‌كێكی كیمیایی له‌ لای ئێمه‌ نه‌ماوه‌. ڕێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی هه‌موو خه‌باتی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ كردووه‌ و دیاره‌ كه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی چه‌ك نین.

به‌شار ئه‌سه‌د-ی سه‌رۆكی سووریا ده‌رباره‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له هێرشی مانگی نیسانی ڕابردووی سه‌ر ناوچه‌ی‌ دوومای سووریا كه‌ له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی سووریا ئه‌نجامدرا و ٤٩ كه‌س به‌هۆیه‌وه‌ ژیانیان له‌ده‌ستدا‌، گوتی: ئه‌مه‌ كارێكی پووچه‌ و یارییه‌كه‌، یارییه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر سووریا.»

ئه‌سه‌د ده‌رباره‌ی وازهێنانی له‌ ده‌سه‌ڵات گوتی: «كاتێك هه‌ستم كرد كه‌ گه‌لی سووریا ئیدی منی ناوێت، به‌بێ دوودڵی ده‌ڕۆم. زۆرینه‌ی گه‌لی سووریا پشتگیریی من ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه‌ پشتاوپشت نه‌بوایه‌، سه‌ره‌ڕای شه‌ڕی سه‌خت كه‌ ٧ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌م به‌رگرییه‌ی ده‌كرێت، نه‌ده‌كرا.»

s.m