ئەمریکا: رووسیا هێشتا مەترسییە

دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا لە دواى ئەوەى لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆکى رووسیا کۆبوویەوە لەبارەى رووسیاوە لێدوانى باشى دابوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو لێدوانانەى ترامپ لەلایەن بەرپرسانى ئەمریکاوە راست دەکرێنەوە و رایانگەیاند، هێشتا رووسیا مەترسییە.

سارا ساندەرس وتەبێژى کۆشکى سپى رایگەیاند، رووسیا هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکەیان. راشیگەیاند، رووسیا هێشتا هەڕەشەیە بۆ دیموکراسیى ئەمریکا و "سەرۆک ترامپ و بەڕێوەبەرانى ئەمریکا زۆر کار بۆ ئەوە دەکەن کە رووسیا نەتوانێت دەست لە هەڵبژاردنەکانى ئێمە بەر بدات".

ساندەرس ئەوەشى وتووە "ئێمە لەو بڕوایەدان هێشتا رووسیا مەترسی و هەڕەشەیە".

دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا دواى دانیشتنى لەگەڵ ڤلادمیر پوتین لە رۆژى دووشەممەى رابردووى لە شارى هێلسنکیى پایتەختى فینلاند رایگەیاندبوو، رووسیا بۆ بابەتى دەستوەرانى لە هەڵبژاردنى ٢٠١٦ لەلایەن رووسیاوە تۆمەتبار ناکات. ئەو لێدوانەى ترامپ لە ئەمریکا ناڕەزایەتیى لێکەتەوەو ترامپ ناچار بوو، یەک لەسەر یەک لێدوان بدات و رووسیا تۆمەتبار بکات.

ر.م