ئەمریکا هەڕەشەى لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى کرد

دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى (ICC) دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتنى هاووڵاتییانى مەدەنیى ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە و ئەمریکاش لە کاردانەوەیەکدا هەڕەشەى لە دادوەرەکان و بەڕێوەبەرانى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى کردووە.

ففاتۆو بەندۆودا داواکارى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى (ICC) مانگى تشرینى دووەمی ٢٠١٧ داواى کردبوو مۆڵەتى پێبدرێت دەستبکات بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەنجامدانی "تاوانى جەنگ" لە ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە.

بەڕێوەبەریى (حکومەتى) ئەمریکا، کە ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتی نییە راگەیاندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و لە راگەیاندراوەکەیدا هاتووە، ئەگەر لێکۆڵینەوە لەسەر ئەمریکا، ئیسرائیل و "هاوپەیمانەکانى" بکرێت، ئەوا سەزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

هاوکات جۆن بۆڵتۆن راوێژکارى کۆشکى سپى رایگەیاندووە، ئەو دادوەر و داواکارە گشتییانەى کە دەیانەوێت لێکۆڵینەوە دەستپێبکەن، ناتوانن سەردانى ئەمریکا بکەن.

بۆڵتۆن راشیگەیاندووە، ئەمریکا ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى نییە و دادگایکردنى ئەمریکا لەسەر ئەنجامدانى تاوانى جەنگ و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتی "نەک هیچ سوودی نابێت، بەڵکو زۆر مەترسیدارە".

بۆڵتۆن ئەوەشى وتووە، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى هەر کات لەسەر "نیشتمانپەروەرێکى" ئەمریکی دەست بە لێکۆڵینەوە بکات ئەوا ئەمریکا "بەرگری لە هاووڵاتییانى ئەمریکا" دەکات و بۆ ئەوەش هەموو توانا و دەرفەتەکانى بەردەستیان بەکاردەهێنن.

تەنانەت جۆن بۆڵتۆن وتویەتى، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى دادگایەکى "نایاساییە" و دادگایەکیش کە هیچ هاوکارییەکى ئەوانى نەکردبێت دادگایەکى "مردووە".

ر.م