ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا نەفرۆشتنى چەک بە تورکیا تاوتوێ دەکات

ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا تاوتوێى پرۆژە پێشنیازى ئەرکی پاراستنى نەتەوەیى (DNAA) دەکات. بەپێى پرۆژەکە پنتاگۆن لەبارەى پەیوندیى تورکیا و ئەمریکاوە راپۆرتێک پێشکەشى کۆنگرێس دەکات بۆ ئەوەى فرۆشتنى چەکی قورس بە تورکیا رابگیرێت.

ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا تاوتوێى پرۆژە پێشنیازى ئەرکی پاراستنى نەتەوەیى (DNAA) دەکات. بەپێى پرۆژەکە پنتاگۆن لەبارەى پەیوندیى تورکیا و ئەمریکاوە راپۆرتێک پێشکەشى کۆنگرێس دەکات بۆ ئەوەى فرۆشتنى چەکی قورس بە تورکیا رابگیرێت.

لەم هەفتەیەدا کۆمسیۆنى خزمەتى سەربازی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریکا، کە لە ژێر چەتى کۆنگرێسدایە، گفتوگۆ لەسەر یاسایى ئەرکی پاراستنى نەتەوەیى ساڵانە (DNAA) دەکات.

لە پرۆژەکەدا تێچووى پاراستن و شێوازى خەرجکردنى پارە و چۆنیەتێى کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنى دەخرێتەڕوو، کە تیایدا تێچووی سەربازی، نۆژەنکردنەوە و ئەستۆپاکی لەسەر هەموو ئاستەکاندا دەخرێتە بەرباس و بڕیارى لەسەر دەدرێت.

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، پنتاگۆن راپۆرتێک لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و تورکیا پێشکەش دەکات و تیایدا داواى کۆتایهاتن بە پەیوەندییەکان لە بوارى سەربازیدا دەکرێت. ئەو پرۆژە یاسایە رێگرى لەوە دەکات، کە چەکى قورس بە تورکیا بفرۆشرێت.

پرۆژەکەى ئەرکی پاراستنى نەتەوەیى ساڵانە (DNAA) دەکرێتە یاسا و بۆ ئەوەش چەندین هەنگاو نراون. دواى چەند مانگ ئەگەر ئەنجوومەنى نوێنەران و ئەنجوومەنى پیران لەسەر ئەو پرۆژە یاسا پێشنیازکراوەکە رێکبکەون، ئەوا پرۆژە یاسا هەموارکراوەکە دەخرێتە دەنگدانەوە.

رووسیا کراوەتە ئامانج

لە پرۆژە پێشنیازەکەدا بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٧١٧ ملیار دۆلار بودجە بۆ کاروبارى بەرگری و سەربازیى ئەمریکا داوا کراوە.

هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنى نوێ لەبارەى پیشەسازیى سەربازیى رووسیا، قەدەغەکردنى هاوکاریى سەربازیى لەگەڵ رووسیا و تەرخانکردنى بودجەیەکى تایبەت بۆ شەڕی سایبری و ئیلکترۆنیى رووسیا لە ناو پرۆژە یاساکەدایە.