"برونسۆن ئازاد نەکرێت تورکیا زیاتر سزا دەدرێت"

بەرپرسێکى کۆشکى سپى بە ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە بابەتى ئازادبوونى قەشە ئەندریو برونسۆندا هیچ هەنگاوێک نەنراو. راشیگەیاند، هەڵوێستى توند و قورسی واشنتۆن لەسەر ئەو بابەتە بەردەوام دەبێت.

لەبارەى دۆخی قەشە ئەندریو برونسۆن زانیاریى نوێ بڵاوکرایەوە. بەرپرسێکى کۆشکى سپى، کە نەیویستوە ناوەکەى بڵاوبکرێتەوە بە ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرزی راگەیاندووە، جۆن بۆڵتۆن راوێژکارى ئاسایسی نەتەوەیى کۆشکى سپی دوێنێ لەگەڵ سەردار کلچ باڵیۆزى تورکیا لە واشنتۆن کۆبووەتەوە و بۆڵتۆن پێى راگەیاندووە، ئەمریکا لەو بابەتەدا نە سازش دەکات و نە باجیش دەدات.

بەپێى ئەو هەواڵە "بەڕێوەبەرانى کۆشکى سپی لەسەر ئەو بابەتە، بەردەوام دەبن لە هەڵوێستە قورس و توندەکانیان. سەرۆک (ترامپ) سەد لە سەد پێداگرە لەسەر ئەوەى قەشە برونسۆن بگەڕێتەوە بۆ ماڵى خۆی. ئەگەر لە ماوەى چەند رۆژ یان هەفتەیەکدا هەنگاوێک بۆ ئەو بابەتە نەنرێت و کارێک ئەنجام نەدرێت، ئەگەری ئەوە هەیە (ئەمریکا) هەنگاوی نوێ بگرێتەبەر".

سارا ساندێرز وتەبێژى کۆشکى سپی دوێنێ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لەوبارەیەوە وتى "قەیرانى ئابوورى لەگەڵ تورکیا بە هۆی سیاسەتەى ئەمریکاوە نییە، قەیرانى تورکیا بە سەپاندنى سزا بە سەر ٢ وەزیر (وەزیرى ناوخۆ و وەزیرى دادی تورکیا) دەستیپێنەکردووە".

ر.م