خۆپیشاندانه‌كانی هه‌نده‌ران بۆ پشتگیریی عه‌فرین به‌رفره‌وانتر ده‌بن

له‌ دژی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ داگیركردنی عه‌فرین، له‌ چه‌ندین وه‌ڵاتی هه‌نده‌ران كوردستانیان و دۆستانیان جارێكی دیكه‌ ڕژانه‌وه‌ مه‌یدانه‌كان.

له‌ دژی به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌سه‌ر عه‌فرین، به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی له‌ به‌رخۆدانی عه‌فرین دوێنێ (شه‌ممه‌) جارێكی دیكه‌ كوردستانیانی وه‌ڵاتانی هه‌نده‌ران و دۆستانیان ڕژانه‌وه‌ مه‌یدانه‌كان.

ئوسترالیا

له‌ شاری مالبۆرنه‌-ی ئوسترالیا سڵاو ئاراسته‌ی به‌رخۆدانی عه‌فرین كرا و هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین ئیدانه‌ كران.

به‌پێشه‌نگی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆكراتیی كورد له‌ ڤیكتۆریا به‌ درووشمه‌كانی «تێرۆریست ئه‌ردۆغان» و «ده‌ستی خۆت له‌ عه‌فرین بكێشه‌وه‌ توركیا!» میتینگێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ڕێوه‌چوو. 

یۆنان

له‌ ئه‌سینای پایته‌ختی یۆنان كوردستانیان له‌ مه‌یدانی ئه‌كادێمیا تا به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی توركیا ڕێپێوانیان كرد و هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرینیان ئیدانه‌ كرد.

له‌ به‌رده‌م بینای باڵیۆزخانه‌ی توركیا میتینگێك ساز كرا و دروشمه‌كانی «ئه‌ردۆغانی بكوژ له‌ كوردستان بڕۆ ده‌ره‌وه‌!»، «تێرۆریست ئه‌ردۆغان» و «كوردستان بۆ فاشیزم ده‌بێته‌ گۆڕستان» گوترانه‌وه‌.

قسه‌كه‌رانی میتینگه‌كه‌ ئاماژه‌یان بۆ سه‌ركه‌وتنی به‌رخۆدانی عه‌فرین كرد و وتیان: گه‌لی كورد له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ بێده‌نگ نابێت.

هۆڵه‌ندا

به‌ سه‌دان كوردی دانیشتووی شاری ڕۆتردام-ی هۆڵه‌ندا كۆبوونه‌وه‌ و هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیایان له‌سه‌ر عه‌فرین ئیدانه‌ كرد.

فه‌ڕه‌نسا

هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر له‌سه‌ر عه‌فرین، له‌ شاره‌كانی تولووز، ڕێن و لارۆشێله‌ ئیدانه‌ كران.

چالاكییه‌كه‌ی تولووز له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆكراتیی كورد و ته‌ڤگه‌ری ژنان ڕێكخرا و ژماره‌یه‌كی زۆری ڕێكخراوی فه‌ڕه‌نسی به‌شدار بوون. خۆپیشانده‌ران كه‌ له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌وه‌ ده‌ستیان به‌ ڕێپێوان كرد، له‌ مه‌یدانی كاپیتۆل متینگێكیان ساز كرد.

له‌ شاری ڕه‌ن، كوردستانیان له‌ پلازده‌ كۆلۆمبیه‌ر كۆبوونه‌وه‌ و هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیایان ئیدانه‌ كرد. ته‌ڤگه‌ری ئاشتیی فه‌ڕه‌نسا، كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تیی كوردانی برۆتۆن، پارتیی دێمۆكراتیی برۆتۆن، پارتیی كۆمۆنیستی فه‌ڕه‌نسا، پارتیی برۆتۆن-ی سه‌ربه‌خۆ، جه‌وانانی كۆمۆنیستی فه‌ڕه‌نسا، پارتیی لیبڕاڵی فه‌ڕه‌نسا و ژماره‌یه‌كی زۆری پارتی و ڕێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیلی فه‌ڕه‌نسا پشتگیرییان له‌ چالاكییه‌كه‌ كرد.

له‌ چالاكییه‌كه‌دا درووشمه‌كانی «بژی به‌رخۆدانی عه‌فرین»، «بكوژ ئه‌ردۆغان»، «دیكتاتۆر ئه‌ردۆغان» و «ژن ژیان ئازادی» گوترانه‌وه‌.

له‌ شاری لارۆشێله سڵاو له‌ به‌رخۆدانی عه‌فرین كرا. خۆپیشانده‌ران به‌ گوتنه‌وه‌ی چه‌ندین درووشم له‌ پلاتزده‌ گابوت تا ڤیو پۆرت ڕێپێوانیان كرد.

نه‌مسا

هێرشه‌داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ دژی عه‌فرین، له‌ ڤیه‌نای پایته‌ختی نه‌مسا به‌ ڕێپێوانێك ئیدانه‌ كران.

كوردستانیان و دۆستانیان به‌ پێشه‌نگی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی دێمۆكراتیی كورد له‌ ڤیه‌نا، له‌ مه‌یدانی وێستبانۆف كۆبوونه‌وه‌ و تا ناوه‌ندی شاره‌كه‌ ڕێپێوانیان كرد. له‌ ڕێپێوانه‌كه‌دا درووشمه‌كانی «تێرۆریست و بكوژ ئه‌ردۆغان»، «سوپای توركیا له‌ كوردستان بڕۆ ده‌ره‌وه‌!»، «بژی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌» و «بژی پشتگیریی ئینته‌رناسیۆنال» گوترانه‌وه‌.

له‌ دوای ڕێپێوانه‌كه‌، سه‌بری حه‌سه‌كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی پارتیی یه‌كێتیی دێمۆكراتی - په‌یه‌ده‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و ئاماژه‌ی بۆ به‌رخۆدانی قاره‌مانانه‌ی گه‌لی كورد له‌ عه‌فرین كرد و وتی گه‌لی كورد له‌ عه‌فرین مێژووی به‌رخۆدان سه‌رله‌نوێ ده‌نووسێته‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، ده‌وڵه‌تی توركیا و چه‌ته‌كانی كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر به‌رخۆدانی سه‌رده‌می عه‌فرین شكستیان هێناوه‌، به‌ كوشتنی هاوڵاتیانی سیڤیل شكستی خۆیان ده‌شارنه‌وه‌.

فینله‌ندا

بۆ ئیدانه‌كردنی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا و چه‌ته‌كانی، له‌ هێلسنكیی پایته‌ختی فینله‌ندا كوردستانیان و دۆستانیان ڕژانه‌ مه‌یدانه‌كان و ڕێپێوان و میتینگیان ساز كرد.

خۆپیشانده‌ران له‌ مه‌یدانی كامپی كۆبوونه‌وه‌، دواتر به‌ره‌و دێری سپیی مێژوویی ڕێپێوانیان كرد.

له‌ ڕێپێوانی ٤ كیلۆمه‌تریدا، بڵاوكراوه‌ به‌سه‌ر ڕێبواراندا دابه‌شكران و سه‌رنجیان ڕاكێشرایه‌ سه‌ر به‌رخۆدانی عه‌فرین و هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا. له‌ چالاكییه‌كه‌دا پۆسته‌ره‌كانی «گه‌لی عه‌فرین به‌ ته‌نیا نییه‌»، «قڕكردنی عه‌فرین بوه‌ستێنن!» و وێنه‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌ سیڤیلانه‌ی له‌ عه‌فرین شه‌هید بوون، به‌رز كرانه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ كه‌شوهه‌وا زۆر سارد بوو، به‌ڵام زیاتر له‌ ٧٠٠ كه‌س كه‌ ٢٠٠ كه‌سیان فینله‌ندی بوون به‌شداری چالاكییه‌كه‌یان كرد كه‌ ماوه‌ی ٣ كاتژمێر به‌رده‌وام بوو.

نه‌رویج

به‌لجیكا

 

 

s.m