دادگای هەمیشەیی خەڵک: ئەردۆغان و تورکیا تاوانباری جەنگن

لە بارەگای پارلەمانی ئەوروپا، "دادگای هەمیشەیی خەڵک" کۆنفەڕانسێکی سازکرد و تێیدا بڕیاری دا، ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا لە پای هێرش و کۆمەڵکوژیەکانیان دژی گەلی کورد، تاوانباری جەنگن و دەبێت سزا بدرێن.


ئەمڕۆ، لە بارەگای پارلەمانی ئەوروپا لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، "دادگای هەمیشەیی خەڵک" ِکە دادگایەکی ناحکومی نێونەتەوەییە، وەک تەواکاری دانیشتنەکانی ۱٥ و ۱٦ی مانگی ۳ی ڕابردووی ئەم ساڵ، لە سەر تاوان و هێرشەکانی ڕژێمی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد لە باکوری کوردستان کۆنفەڕانسێکی ساز کرد.

لە کۆنفەڕانسەکەدا، وێڕای ئامادەبوونی دەستەی دادوەران و پارێزەان، ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی سیاسی و یاسایی و شارەزا و ڕۆشنبیری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، جیهان، کوردستان، شایەتحاڵان و کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکانی تورکیا لە نێوان ساڵانی ۲٠۱٥ ـ ۲٠۱٦ دا ئامادەبوون.

پاش گفتوگۆ و خوێندنەوە بۆ تاوانەکانی ڕژێمی تورکیا، دادگای هەمیشەیی خەڵک، بڕیار و دەرئەنجامی کۆتایی خۆی سەبارەت بە دۆزەکە ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد: "ڕژێمەکەی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا لە باکوری کوردستان تاوانی جەنگیان لە دژی گەلی کورد ئەنجامداوە و دەبێت سزا بدرێن.

جێگای ئاماژەیە، ئەمە جاری یەکەمە دادگایەکی نێونەتەوەیی لە سەر گەلی کورد وەدەنگ دێت و بڕیار لە دژی ڕژێمی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا دەدات و ئەوەش بە وەرچەرخانێکی گەورە بۆ خاوەنداریکردن لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد دێتە ئەژمار.

هـ.هـ