دیمیستورا: هەرگیز بە بێ کورد نابێت
دیمیستورا نوێنەری تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا رایگەیاند، نابێت حساب بۆ کوردی سوریا نەکرێت. راشیگەیاند، مەترسیى ئەوەش هەیە داعش سەرلەنوێ بگەڕێتەوە.
دیمیستورا نوێنەری تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا رایگەیاند، نابێت حساب بۆ کوردی سوریا نەکرێت. راشیگەیاند، مەترسیى ئەوەش هەیە داعش سەرلەنوێ بگەڕێتەوە.
ستیڤان دیمیستورا نوێنەرى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا و سەرپەرشتیاری دانوستانە شکستخواردووەکانى جێنڤ، کە چەند رۆژە لەوە پێش و دواى ٤ ساڵ و ٦ مانگ دەستبەرداری کارەکەى بوو لە چاوپێکەوتنێکدا وەڵامى پرسیارەکانى کەناڵی تەلەفزیۆنیى (RTS)ی سویسریى دایەوە.
دیمیستورا رایگەیاند، هاتنەدیى ئاشتى لە سوریا قورسە، بەڵام ئاشتى پێویستە. لەبارەى بڕیارى کشانەوەى ئەمریکا لە سوریاش وتى "بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکرێت، کە ئەمریکا لە رووی دیپلۆماتیکەوە درێژە بەو پرۆژەیە دەدات".
دیمیستورا کشانەوەى ئەمریکای بۆ کورد بە قۆناغێکی قورس ناوبرد و وتى "بەڵام رێکخستنى کوردانى سوریا بەهێزە. نابێت ئەوە لە بیر بچێت، کە کورد بوونێکى وەهای هەیە، کە بە بێ ئەوان نابێت".
دیمیستورا ئەوەشى وت، تاوەکو چارەسەرییەکى هەمەلایەنە و گشتگیر بۆ شەڕی سوریا بەدی نەیەت، مەترسیى ئەوە هەیە کە داعش و گروپە جیهادییەکانى تر سەرلەنوێ لە سوریادا زیندوو ببنەوە.
دیمیستورا وتیشی، ئێران و روسیا هێزى سەرەکین، کە نەیانهێشت رژێمى ئەسەد بڕوخێت و وتیشی "رەنگە لە رووی جوگرافییەوە ئەسەد لە شەڕدا سەرکەوتبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە لە وڵاتدا ئاشتى سەربکەوێت".
ر.م