فه‌ڕه‌نسا: ده‌بێ گه‌لی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بپارێزرێت

دوای بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ سووریا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، ده‌بێ ئاسایشی گه‌لانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و قه‌سه‌ده‌ مسۆگه‌ر بكرێت.

به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا كه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كراوه‌ كه‌ دوێنێ ڕایگه‌یاند، هێزه‌كانیان له‌ سووریا ده‌كشێننه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ڕایگه‌یاندووه‌، «فه‌ڕه‌نسا تێكۆشینی دژ به‌ داعش ده‌خاته‌ پێش هه‌موو شتێك. تێكۆشین له‌ دژی هه‌ڕه‌شه‌ جیهانییه‌كانی داعش هێشتا به‌رده‌وامه‌. هێشتاش داعش وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ماوه‌. ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین كه‌ ڕێكخراوی تێرۆریستی به‌تایبه‌ت له‌ سووریا له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك خاكی بچووك پارێزگاری له‌ خۆی ده‌كات.»

هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، «له‌ ساڵی ٢٠١٤ به‌دواوه‌ له‌ ئه‌نجامی چالاكییه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ لایه‌ك به‌ هاوكاری عێراق و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ هاوكاری كورد و عه‌ره‌به‌كانی سووریا و هێزه‌ هه‌رێمییه‌كان، توانراوه‌ داعش لاواز بكرێت.»

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، «فه‌ڕه‌نسا له‌ بابه‌تی پاراستن و مسۆگه‌ركردندا، هه‌موو هاوكارانی هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی له‌به‌رچاو ده‌گرێت. پاراستنی گه‌لانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌پێناو ئارامی، ڕوونه‌دانی ئازاری گه‌وره‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی تێرۆریستان پێویسته‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت.»

s.m