مانگرتوانی ستراسبۆرگ له‌گه‌ڵ سی پی تی و ئه‌نجومه‌نی ئه‌ورووپا كۆبوونه‌وه‌

چالاكیی مانگرتن له‌ خواردن له‌پێناو لابردنی گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجالان، ماوه‌ی ٣ ڕۆژه‌ له‌ ستراسبۆرگی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئه‌مڕۆ و دوێنێ نوێنه‌رانی مانگرتوان له‌گه‌ڵ سی پی تی و ئه‌نجومه‌نی ئه‌ورووپا دیداریان ئه‌نجامدا.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو له‌ به‌رده‌م بینای ئه‌نجومه‌نی ئه‌ورووپا و كۆمیته‌ی ڕێگرتن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌ر به‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، چالاكیی مانگرتن له‌ خوارد ده‌ستیپێكرد. چالاكییه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی كوردستانیان و دۆستانیان ماوه‌ی ٣ ڕۆژه‌ به‌رده‌وامه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری كوردستانیانی ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ورووپاش مانگرتوان به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌ هه‌مان مه‌به‌ست، نوێنه‌رانی چالاكییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سی پی تی و ئه‌نجومه‌نی ئه‌ورووپا كۆبوونه‌وه‌. شاندێكی كۆمسیۆنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی «كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی كوردستانیانی فه‌ڕه‌نسا - جه‌ده‌كه‌فه‌» دوێنێ و ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئه‌نجومه‌نی ئه‌ورووپا و سی پی تی كۆبوونه‌وه‌. هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ زۆر نوێنه‌ر و ئه‌ندامی  ئه‌نجومه‌نی ئه‌ورووپا دیداریان ئه‌نجامدا.

له‌گه‌ڵ چه‌ندین په‌رله‌مانتار دیدار ساز كرا

عه‌گید پۆلات ئه‌ندامی شاندی مانگرتوان كه‌ دوێنێ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی سوێد له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌ورووپا كۆبووه‌ته‌وه‌‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ بارودۆخ و گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان گومانی لای ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی سوێد دروست كردووه‌.

پۆلات ڕایگه‌یاند، ئه‌ندامانی سوێد پێیان ڕاگه‌یاندوون كه‌ ئه‌وان چاودێریی بارودۆخی ئۆجالان ده‌كه‌ن و ئاگادارن له‌ دۆخه‌كه‌. ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ شانده‌كه‌یان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هه‌میشه‌یی فه‌ڕه‌نسا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئه‌ورووپا و چه‌ندین ئه‌ندامی دیكه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و لایه‌نی فه‌ڕه‌نسی به‌گه‌رمی پێشوازی له‌م بابه‌ته‌ كردووه‌ و ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ چاودێری ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن.

به‌پێی لێدوانی عه‌گید پۆلات، نوێنه‌رانی مانگرتوان دوێنێ و ئه‌مڕۆ چه‌ند دیدارێكیان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی یۆنان ئه‌نجامداوه‌ و باسیان له‌ گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجالان كردووه‌.

s.m