نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان: ٨٢١ ملیۆن كه‌س له‌ جیهاندا برسییه‌

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند، له‌ ساڵی ٢٠١٧دا له‌گه‌ڵ كاره‌ساته‌كانی كه‌شوهه‌وا ژماره‌ی مرۆڤه‌ برسییه‌كان زیادی كردووه‌.

له‌ ماوه‌ی ٣ ساڵی ڕابردوودا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ی برسیبوون (خواردن و خواردنه‌وه‌)یان هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ جیهاندا زیادی كردووه‌. 

٥ ڕێكخراوی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕاپۆرتێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌. به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ گه‌رمایی، لافاوه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵی بوونه‌ته‌ «سه‌ره‌كیترین هۆی قه‌یرانی برسیبوون». ساڵی ٢٠١٧ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ی برسیبوونیان هه‌یه‌، بۆ ٨٢١ ملیۆن كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ساڵی ٢٠١٦ ژماره‌ی مرۆڤه‌ برسییه‌كان ٨٠٤ ملیۆن كه‌س بوو.

كیشوه‌ری ئه‌فریقیا له‌و ڕێژه‌یه‌ زۆرترین به‌شی هه‌یه‌ كه‌ ٢١%ی دانیشتوانه‌كه‌ی كێشه‌ی برسیبوونیان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ١١.٤%ی دانیشتوانی ئاسیا، ٦.١%ی دانیشتوانی ئه‌مه‌ریكای لاتین، ٧%ی دانیشتوانی ئۆقیانووس و ٢.٥%ی دانیشتوانی ئه‌مه‌ریكای باكوور و ئه‌ورووپا برسین.

ڕاپۆرته‌كه‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی كشتوكاڵ و خۆراك (FAO)، ڕێكخراوی په‌روه‌رده‌ و منداڵان (UNICEF)، به‌رنامه‌ی خۆراكی جیهانی (PAM) و ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی (WHO) كه‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانن، ئاماده‌ كراوه‌. به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ له‌ ئه‌ورووپا ٢ وه‌ڵات به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وه‌ڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا زیاتر كێشه‌ی برسیبوونیان هه‌یه‌. ٥.٥%ی دانیشتوانی ئه‌لبانیا و ٥.٦ی دانیشتوانی سربیا برسین.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، «ئێمه‌ له‌ دۆخی خراپی ئه‌مه‌ریكای باشوور به‌گومانین». هه‌روه‌ها وه‌ڵاتی یه‌مه‌ن به‌ خراپترین شوێن دیاری كراوه‌ كه‌ ڕێژه‌ی ٣٤%ی دانیشتوانه‌كه‌ی برسین.

s.m