پارتی چەپى ئەڵمانیا (دی لینکە - Die Linke) چەند رۆژ لەوە پێش لە پرۆژە پرسیارێکدا بۆ حکومەتى ئەڵمانیا و ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکارى ئەو وڵاتە، داوایکردبوو لەبارەى ژمارەى ئەو ئەڵمانیانەوە چوونەتە ناو داعش و چارەنووس و بارودۆخیان، دوایین زانیارییان بۆ بخرێتەڕوو.
پرۆژە پرسیارەکە لەلایەن ئولا یەلپکە، دکتۆر ئاندرێ هان و گۆکای ئاکبولاتەوە ئامادەکرابوو. پرۆژە پرسیارەکە لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى ئەڵمانیا و بە ناوى حکومەتى ئەڵمانیاوە وەڵامیدرایەوە. ئەو وەزارەتە رایگەیاند، لەم ساڵانەى دوایدا زیاتر لە هەزار کەس لە ئەڵمانیاوە چوونەتە سوریا و عێراق و بوونەتە داعش.
لە وەڵامەکەى وەزارەتى ناخۆى ئەڵمانیادا ئەوەش هاتووە، لە کۆی ئەو کەسانەى بە "ئیسلامیى توندڕەو" دەناسرێن سەدا ٣٥یان لە ئەڵمانیادان و سەدا ٢٧یشیان هاووڵاتیى ئەڵمانین. بەپێى زانیارییەکانى وەزارەتى ناوخۆى ئەڵمانیا زۆرترین توندڕەو، کە لە ئەڵمانیاوە چوون بۆ ناو داعش، بە ڕەچەڵەک خەڵکى تورکیا بوون.
لەناو ئەو کەسانەدا لە ئەڵمانیاوە چوون بۆ ناو داعش، سەدا ٢١کەیان بە ڕەچەڵک خەڵکى تورکیان و ئەوەش زۆرترین رێژەى ئەو کەسانەیە کە لە ئەڵمانیاوە چوون بۆ ناو داعش. هاووڵاتییانى مەغریبى لە ریزى دووەمدان و بە دواى ئەوانیشدا هاووڵاتیانى تونس، ئەفغانی و سوریایی دێن، کە لە ئەڵمانیاوە چوون بۆ ناو داعش.
وەزارەتى ناوخۆى ئەڵمانیا راشیگەیاند، زانیارییان لەسەربەشێکى کەم لەو کەسانە هەیە کە چوون بۆ عێراق و سوریا و بوون بە داعش و زانیارییان لەسەر چارەنووسى زۆربەیان نییە. بە گوێرەى وەڵامەکەى وەزارەتى ناوخۆى ئەڵمانیا، ١٧٠ کەسى ئەڵمانى کە چوون بۆ ناو داعش لە شەڕدا یان بە هۆکارى جۆراجۆرى تر کوژراون.
ر.م