پەرلەمانی ئەوروپا دوای هەڵپەساردنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکات

پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند: "هەڵبژاردنی پێشوەختەی ٢٤ی حوزەیرانی داهاتووی تورکیا بەگوێرەی پێوەرەکانی یەکێتی ئەوروپا نییە و پرۆسەی دیموکراسی تورکیا دەباتە ژێر پرسیارەوە و دەبێت هەڵپەسێردرێن".

 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە شاری ستراسبورگی فەرەنسا، دانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا، کۆمسیۆنی چاودێریی پەرلەمان ڕاپۆرتی خۆی لە سەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پارلەمانی تورکیا پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: " هەڵبژاردنی پێشوەختەی تورکیا گوماناوییە و پێناچێت لە دۆخێکی دیموکراتدا بەڕێوەبچێ".

کۆمسیۆنەکە باسیشی لەوە کردوە، کە  یاسای هەڵبژاردن مانگێک پێش هەڵبژاردن گۆڕاوە و هەروەها هێشتا لە تورکیادا دۆخی نائاسایی بەردەوامە، ئەوەش گومان دەخاتە سەر بەدروستی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی دیموکراتی دەباتە ژێر پرسیارەوە.

کۆمسیۆنی چاودێریی پەرلەمانی ئەوروپا، ئاشکراشی دەکات: " بەپێی پێوەرەکانی یەکێتی ئەوروپا، نابێت یاساکانی هەڵبژاردن کەمتر لە سێ مانگ بەر لە هەڵبژاردن بگۆڕدرێن، بەڵام لە تورکیادا مانگێک پێش هەڵبژاردن یاسای هەڵبژاردن گۆڕاوە. ئەوەش دژایەتییە لەگەڵ پێوانەکانی کۆمسیۆنەکەمان. هاوکات بڕیاردان بۆ پێشوەخت بەرێوەچوونی هەڵبژرادنەکان، دەرفەتی تەواوی خۆئامادەکردن ناداتە پارت و لایەنە سیاسیەکان تا کارا لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن. ئەمەو دانانەوەی بەربەستی لە سەدا 10ی هەڵبژرادن بۆ خۆی کۆسپێکی گەورەی دیکەی نادیموکراتیە و لە دژی فرەڕەنگی سیاسییە".

کۆمسیۆنی چاودێریی پەرلەمانی ئەوروپا، لە سەر ئەو بنەمایانە جەخت دەکاتەوە: " دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت لە تورکیا هەڵپەسێدرێت، کە بڕیارە لە ٢٤ی حوزەیرانی داهاتوودا لە بەڕێوەبچیت، چونکە لەگەڵ پێوەرەکانی یەکێتی ئەوروپا دا نایێتەوە و لە ئەگەری  بەرێوەچوونیشی ئەنجامەکانی باوەڕپێکراو نابن و بچنە ژێر پرسیارەوە. ئەوەش مایەی نیگەرانی جدی ئەوروپایە".

شایانی باسە، پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٦ وە، لە ڕێگەی کۆمسیۆنی چاودێریی پەرلەمانی ئەوروپا، چاودیڕی وردی دۆخی تورکیا دەکات.

 

هـ.هـ