کوردان لە ئەورووپا تیرۆرى دەوڵەتى تورکیایان بەرامبەر بە عەفرین شەرمەزارکرد
کوردستانیانى ئەورووپا لە زۆربەى شارە گەورەکانى ئەورووپا ڕژانە سەر شەقامەکان و هێرشى داگیرکەرانە و تیرۆرى دەوڵەتى تورکیایان بۆ سەرعەفرین شەمەزارکرد.
کوردستانیانى ئەورووپا لە زۆربەى شارە گەورەکانى ئەورووپا ڕژانە سەر شەقامەکان و هێرشى داگیرکەرانە و تیرۆرى دەوڵەتى تورکیایان بۆ سەرعەفرین شەمەزارکرد.
شتۆتگارت
کوردستانیانى دانیشتوى شتۆتگارتی ئەڵمانیا هاوکات لەگەڵ هێرشى سوپاى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر عەفرین بە بەردەوامى لە چالاکیدان و لە دژى ئەو هێرشە ناڕەزایەتى دەردەبڕێن. دوێنێش لە بەردەوامیى ئەو چالاکییانەدا هەزاران کەس کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراوەکانى ڕێکخراوى ژنى نوێ و ناڤ-دەم خوێندرانەوە. نوێنەری حزبى مارکسیست لنینیستى ئەڵمانیا لە شتۆتگارت لەو چالاکییەدا، بازرگانیکردنى چەک و پەیوەندییەکانى حکومەتى ئەڵمانیای لەگەڵ ڕژێمى ئەردۆغان ئیدانەکرد.
هامبورگ
کوردستانیان و دۆستانەکانیان لە شارى هامبورگى ئەڵمانیا بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین و ئیدانەکردنى هێرشەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى داعش و قاعیدە ڕژانەوە سەر شەقامەکان. سەرحەد چەتین کایا ئەندامی کۆمیتەى پشتیوانى لە عەفرین لەو چالاکییەدا ڕایگەیاند، بێدەنگیى هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەى لە عەفرین، کە بە بەرچاویانەوە ئەنجام دەدرێت، تاوانە لە دژى مرۆڤایەتى. خۆپیشاندەرانیش دروشمەکانى "ئەردۆغان بکوژە" و "تیرۆریست تورکیا" و "بژى بەرخۆدانى عەفرین"یان بەرزکردبووە.
مانهایم
کوردستانیان لە شارى مانهایمى ئەڵمانیا چالاکییەکان لە دژى هێرشى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا و هێرشەکەیان ئیدانەکرد. جانۆ یڵدز هاوسەرۆکى ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە مانهایم لەو چالاکییەدا ڕایگەیاند، لە بەرپرسانى ئەورووپى دەپرسم ئەو کۆرپە تەمەن٣ مانگە لە عەفرین کوژرا، ئەگەر منداڵى ئێوە بوایە چیتان دەکرد؟
بەرلین
لە شارى بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا چالاکى بۆ پشتیوانى لەعەفرین بەردەوام بوو. لەو چالاکییەدا داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەتى ئەڵمانیا کرا، کە هەڵوێستیان لە دژى ئەو تاوانانە هەبێت، کە تورکیاى داگیرکەر لە عەفرین لە دژى مرۆڤایەتى ئەنجامی دەدات. کوردستانیانى بەرلین لە بەردەوامیى چالاکییەکەیاندا چوونە بەردەم باڵێوزخانەى باڵاى ئەمریکا لەوێش ژمارەیەک چالاکییان ئەنجامدا. لە دواى ئەوەش بەرەو باڵێوزخانەى باڵاى ڕووسیا درێژەیان بە خۆپیشاندانەکەیاندا.
گۆتەبۆرگ
لە شارى گۆتەبۆرگى سوید و بە مەبەستى شەرمەزارکردنى کارە دڕندانەکانى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین، کوردستانیان چوونە ناوەندى ئەو شارە و چالاکى فلاش مۆب-یان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا منداڵێک و ٣ ژن جلوبەرگى ڕەنگ کراو بە بۆیاخى سووریان لەبەرکردبوو. لەو ڕێگەیەوە سەرنجى هاووڵاتیانیان ڕاکێشایە سەر ئەو کوشتارەى سوپاى تورکیا لە عەفرین بەرامبەر بە هاووڵاتیانى مەدەنى ئەنجامی دەدات.
باسل
کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان لە شارى باسلى سویسرا کۆبوونەوەیەکى جەماوەرییان ئەنجامدا و هێرشەکانى تورکیایان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد. لەو چالاکییەدا دروشمەکانى "دەوڵەتى تورکی داگیرکەر"، "ئەردۆغان بکوژە" بەرزکرانەوە. هەروەها بێدەنگیى هێزە نێودەوڵەتییەکانیان ئیدانەکرد.
بێرن
کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارى بێرنى پایتەختى سویسرا کۆبوونەوەیەکى جەماوەرییان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا وێنەى هاووڵاتییە شەهیدەکانى عەفرین بەرزکرانەوە و هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر عەفرین و بێدەنگیى هێزە نێودەوڵەتییەکان ئیدانەکرا.
زوریخ
بە مەبەستى ئیدانەکردنى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین و کوشتنى هاووڵاتیان لەلایەن سوپاى ئەو حکومەتەوە، کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارى زوریخى سویسرا ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەو هێرش و کوشتارەى تورکیایان لە عەفرین ئیدانەکرد. داواشیان لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان لە دژى ئەو کوشتار و داگیرکارییەى تورکیا هەبێت.
لوزێرن
لە بەردەوامیى چالاکیى کوردستانیان و دۆستەکانیان لە دژى داگیرکاریى دەوڵەتى تورکیا، کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارى لوزێرن-ى سویسرا و بەپێشەنگایەتیى پلاتفۆرمى بەرخۆدانى عەفرین کۆبوونەوەیەکى جەماوەرییان ئەنجامدا. لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرا. هەروەها وێنەکانى ئەو کۆمەڵکوژییانەى سوپاى تورکیا لە عەفرین ئەنجامیداون، بەرزکرابوونەوە.
ئارهوس
کوردستانیان لە شارى ئارهوس-ى دانیمارک کۆوبونەوەیەکى جەماوەرییان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا کۆمەڵکوژیى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین ئیدانەکرا. چەندین دروشم و لە دژى داگیرکاری و کۆمەڵکوژییەکانى تورکیا بەرزکرابوونەوە.
تولوز
ناوەندى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد و ئەنجوومەنى ژنانى تولوز لە شارى تولوزی فەڕەنسا و لە دژى داگیرکاریى دەوڵەتى تورکیا چالاکییەکیان ڕێکخست. چالاکوانان و جەماوەری بەشداربووى چالاکییەکە داوایان لە کۆمەڵگەى نێونەتەوەیى کرد هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەى بە بەرچاویانەوە لە عەفرین ئەنجام دەدرێت. داواشیان کرد، ئەو کۆمەڵکوژیییەى کە دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین ئەنجامى دەدات ئیدانە بکەن.
ئامێستردام
تیرۆرى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین لە شارى ئامێستردامى پایتەختى هۆڵەندا شەرمەزراکرا. کوردستانیان و دۆستەکانیان بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانى "ئەردۆغان بکوژە"، "تیرۆریست ئەردۆغان" و "بژى بەرخۆدانى عەفرین" کۆمەڵکوژی و هێرشى تورکیایان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد.
ئۆسلۆ
کوردستانیان لە شارى ئۆسلۆى پایتەختى نەرویج لە دژى داگیرکاریى دەوڵەتى تورکیا کۆبوونەوەیەکى جەماوەرییان ئەنجامدا. لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا هێرش و داگیرکارى و ئەو کوشتارەى سوپاى تورکیا لە عەفرین ئەنجامى دەدات، ئیدانەکرا.
ر.م