ئەمڕۆ هەینی ٢٣-ی ئۆکتۆبەر، ئامینەکاکە باوە، پارلەمانتاری سەربەخۆ لە پارلەمانی سوید، لە پرساندنێکدا سەبارەت بە سەفەری هەفتەی ڕابردووی وەزیری کاروباری دەرەوەی سوید، ئان لیندێ بۆ تورکیا و هەروەها پێشێلکاریەکانی ماڤی مرۆڤ لە تورکیا، دەستگیر و زیندانیکردنی بەڕێوەبەران و ئەندامانی هەدەپە، پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و بۆردومانەکان کە تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا و باشووری کوردستان ئەنجامیان دەدات و هاوکات داگیرکارییەکانی تورکیا لە بەشەکانی کوردستان، دەستێوەرانەکانی تورکیا لە لیبیا، قوبرس و یۆنان و ئەرمینیا و ئازەبایجان و چەنڎین مژاری دیکە، پرسیارگەلێکی ڕەخنەئامێزی، ئاڕاستەی حکومەتی سوید و ناوبراو کرد کە لە نێو هۆڵی پارلەمان ئامادەبوو و خوازیاربوو سوید بەجددی فشار بخاتە سەر تورکیا تا کۆتایی بە دۆخە بهێنێت.
ئامینە کاکەباوە باسی لە سیاسەتی سەرکوتکەرانە و دژە دیمۆکراسی و بەرتەسککردنەوەی ئازادی کرد کە ڕژێمی ئەردۆغانی پەیڕەوی دەکات، بەتایبەتی ئەو سیاسەتەی کە بەرامبەر بە هەدەپە و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا گرتویەتیەبەر و شارەوانیەکان داگیر دەکات، شارەدارەکانیان دەستگیر و زیندانی دەکات و قەیومیان لەسەر دادەنێت، پارلەمانتارانی هەدەپە دەستگیر و زیندانی دەکات و لە پارێزبەندی دایاندەماڵێت.
کاکەباوە ڕەخنەشی گرت لە هێشتنەوەی ناوی پارتی کارگەرانی کوردستان - پەکەکە لە لیستی تیرۆردا و وتی: " هەتا پەکەکە لە لیستی تێڕۆر دا بهێڵدرێتەوە، ئەوا ئەردۆغان بەردەوام دەبێ لە سەر پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا و ناوچەکە. بۆیە پێویستە سوید و ئەورووپا بەزوویی کار بکەن بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا".
لەوەڵامی ئامینە کاکەباوە دا، وەزیری کاروباری دەرەوەی سوید ئان لیندێ هاوڕابوو لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری قسەکانی کاکەباوە دا و ڕایگەیاند: "حکومەتی سیود بە ڕاشکاوی ڕادەگەیێنێ؛ دەبێت دەستبەجێ (ڤیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش)، پارلەمانتاران، شارەدارەکان، هەموو زیندانییەکانی دیکەی هەدەپە ئازاد بکرێن. هەروەها تورکیا دەبێت ئەرتەشی خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە هەرێمی کوردستان بکێشێتەوە و ڕێز لە مافی سەرەوەری عێڕاق و سوریا بگرێ و هاوڵاتیانی مەدەنی نەکاتە ئاماج کە کردوویەتی. من لە سەردانەکەی هەفتەی ڕابردوومدا بۆ تورکیا لەوێ ئەو شتانەم بەفەرمی و بێپەروا بە وەزیری دەرەوە مەولود چاوشئۆغلۆ و حکومەت و دەوڵەت و بەرپرسانی تورکیا ڕاگەیاند. هاوکات لەگەڵ هاوسەرۆکانی هەدەپە کۆبوومەوە و هاوپشتی خۆمان پێڕاگەیاندن".
ئان لیندێ وتیشی: "سوید زۆر نیگەرانە لە هێرش و داگیرکاری تورکیا بۆ سەر باشور و ڕۆژاوای کوردستان و بوونە قوربانی مەدەنییەکان و پێشێلکردنی سەروەری ئێراق و سوریای لێکەوتوەتەوە و ئەوەمان مەحکوم کردوە و خوازیارین دەستبەجێ تورکیا هێزەکانی لە باشور و ڕۆژاڤا بکێشێتەوە و کۆتایی بەو هێرش و داگیرکارییە بهێنێت، چوونکە ئەوەی تورکیا دەیکات دژبەری یاسا نێودەوڵەتیەکان و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە. لە ناوچەکە پێویستە پێکهاتەکانی کورد، ئێزیدی و ئاسوریەکان بپارێزرێن. بە گشتی دەستێوەرانەکانی تورکیا لە لیبیا، قوبرس و یۆنان، ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، ئەرمینیا و قەرەباغ و ئازەبایجان مەترسیدارن و مایەی قبوڵ نیین. پەیوەست بەوانەش سیاسەتی سوید ڕوون ئاشکرایە و هەڵوێستمان بە تورکیا ڕاگەیاندوە".
ئەمەو ئامینە کاکەباوە، پارلەمانتاری سەربەخۆ لە پارلەمانی سوید، سەرەڕای ڕەخنەکانی، بەڵام بە هۆی ئەوەی لەکاتی سەردانەکەی (ئان لێندێ)ی بۆ تورکیا، هەڵوێست و ڕەخنەی ڕاشکاوانەی لە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە گرتووە، سپاسی ناوبراوی کرد.
هـ.هـ