سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی سکۆتلاند مایک ئارنۆت هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارەکانی کۆنگرەکەیان کرد. لە کۆنگرەکەدا بڕیاردرا کە پەیوەست بە فرۆشتنی چەک لە لایەن بەریتانیاوە بە تورکیا و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد، گوشار بخەنە سەر بەریتانیا و هەروەها دەوڵەتی تورک.
ئارنۆت ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوان بۆ ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەروەها بۆ ئەوەی هەندێک هەنگاو بنرێن بانگەوازیان ئاراستەی حکومەتی بەریتانیا و دەوڵەتی تورک کردووە و رایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەش داوامان لە حکومەتی بەریتانیا کرد کە لە ناتۆ هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی بخاتەگەڕ و فرۆشتنی چەک بە تورکیا رابگرێت.هەروەها داوامان کرد کە بۆ ئەوەی دەستبەجێ بۆردومانی سەر ناوچە کوردییەکان رابگیرێت، دەست بە هەوڵەکان بکرێت. بڕیارە سەرەکیەکانمان ئەمانەن؛ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی کوردان رابگیرێن و حکومەتی بەریتانیا لەپێناو ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان گوشار بخاتە سەر تورکیا".
ئارنۆت راشیگەیاند، ئەوان لەپێناو ئازادی ؤەبدوڵا ئۆجالاندا نامەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و باڵیۆزخانەی باڵای تورک دەنوسن و وتی: "لە کۆنگرەکەدا بە بەشداری ٣٠٠ نوێنەری زیاتر لە نیوملیۆن کرێکار، یەک لە بابەتە سەرەکیەکانمان پرسی عەبدوڵا ئۆجالان بوو کە ٢٥ ساڵە لە زیندانە و ٣ ساڵە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازاندرێت. پەیوەست بە ئەنجامنەدانی دیدار لە نێوان ئەو و پارێزەران و بنەماڵەکەی گفتوگۆمان کرد. لە کاتی ئامادەکردنی ئەنجامنامە و دەرکردنی بڕیاردا، هیچ نوێنەرێکی کۆنگرەکە لە دژی ئەو بڕیارانە نەوەستایەوە و ئێمە بە پشتیوانی رەهای سەرجەم پێکهاتەکانمان ئەو بڕیارانەماندا".
ئارنۆت دەستنیشانی کرد کە عەبدوڵا ئۆجالان کلیلی چارەسەرییە و وتی، "لەئێستادا ئێمە بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان تێدەکۆشین. بەڵام بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیە دەبنە مایەی ئەوەی کە ئێمە گوشاری زیاتر و قورستر بخەینە سەر دەوڵەتان".
هـ . ب