بانگەوازی بەپەلە لە دژی پلانە داگیرکارییەکان

کۆبونەوەکە داوا لە 'هەموو پارت، ڕێکخراو، دام و دەزگاکانی کوردستان' دەکات بە ڕۆحێتی نەورۆز کۆببنەوە و یەکێتی نەوتەوەی بەهێزتربکەن و پێکەوە لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان بووەستنەوە.

بە ڕاگەیاندراوێک دەرەنجامی کۆبوونەوەی؛ کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەشی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان و کۆمیتەی کار و چالاکیەکانی سەدەی پەیمانی لۆزان و کەسایەتییە کوردستانییە سەربەخۆکان، ئاشکراکرا.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیە:

"لە ناوەندی کەنەکە لە برۆکسڵ بە ئامادەبوونی نوێنەری پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستانی، کۆمیتەی دیپلۆماسی هاوبەش، ڕۆژی ٢٣-٣-٢٠٢٤، بیست و حەوتەمین کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ کۆمیتەی کار و چالاکیەکانی سەدەی پەیمانی لۆزان و کۆمەڵێک کەسایەتی کوردستانی سەربەخۆ پێکهێنا. لەبەر هۆکاری دۆخی ئاوارتەی کوردستان ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە ئەنجام درا. دەرەنجامەکانی کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو دەکرێتەوە. لە بەر هەڕەشە و هێرشەکانی دوژمن لە سەر کوردستان بانگەوازییەکی بەپەلە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە.

دەوڵەتی تورک، لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لە ئامادەکارییدایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی گەورە. ئەردۆغان و کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک لە بچوکترین فرەسەتدا هەڕەشە لە کوردان دەکەن و بە ئاشکرا دەڵێن ئۆپراسیۆنی گەورەی داگیرکاری پێکدهێنین. ئامانجی دەوڵەتی تورک بۆ لە ناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردە. بۆ ئەوەی بگات بەم ئامانجە هەموو ڕێگەیەک دەگرێتەبەر. بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری، دەستیکردەوە بە هەڵەمەتێکی دیپلۆماسی. شاندەکانی هەر جارە و لە جێگەیەکن، جارێک لە ئەمریکا، جارێک لە ڕوسیا، جارێک لە ئەورپا و جارێک لە وڵاتانی عەرەبیین.

هەروەها لە لایەکی ترەوە لەم مانگانەی دوایدا چەندین جار سەردانی عێراق و کوردستان دەکەن و یان شاند لە عێراقەوە دەنێرن بۆ ئەنقەرە. ئامانجی دەوڵەتی تورک لە کارانایەدا ئەوەیە دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بە هاوبەش لەم سیاسەتە خوێناویی و خراپەکارییەدا. هەرچی ناولێبنێین ئەوەیە دەوڵەتی تورک لەدژی گەلی کورد لە شەڕدایە. خواستێتی حکومەتی عێراق بخاتە شەڕەوە لە دژی گەلی کورد.

دەوڵەتی تورک لە دژی هەموو دەستکەوتەکانی کورد و دژی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانە. لە سەرووی هەموویەوە ئەردۆغان و گەلێک بەرپرسی دەوڵەتی تورک چەندین جار وتوویانە و دەڵێن 'ئەو هەڵانەی لە باکوری عێراق بەسەرماندا تێپەڕی، لە باکوری سوریا نایکەین' پێویستە هەموو کوردێک باش لە مانای ئەم قسەیە بگات. سیاسەتی دەوڵەتی تورک بۆ کۆتایهێنانە بە دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان. پێویستە هەموو کوردان لە دژی ئەم سیاسەتە بوەستنەوە. پێویستە کاربەدەستانی پەدەکە لە بەرامبەر ئەم مەترسیانەدا کە ئامانجی لە ناوبردنی ستاتۆی هەرێمی کوردستانە، هۆشیار و هەستیار مامەڵە بکەن.

لە لایەکی ترەوە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک، ڕۆژانە هەڕەشە لە بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) دەکەن و گۆشارێکی زۆر دەخەنە سەر ناوچەی سلێمانی. ئەم هەرەشانە جێگەی قبوڵکردن نیە و پێویستە هەموو وڵاتپارێزێک لە دژی ئەم هەڕەشانە بووەستێتەوە.

لەسەرئەم بنەمایە:

کۆبوەنەکە سەرنجی هەموو کوردستانی و دۆستەکانیان بە شێوەیەکی بەپەلە ڕادەکێشێتە سەر هەڕەشە، هێرش و ئامادەکاریی ئۆپراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و بانگەوازی ئەوە دەکات کە هەموو هێزە کوردستانی و دۆستەکانی کورد لە بەرامبەر ئەم هێرشانی دەوڵەتی تورک، دژایەتی خۆیان دەربڕن.

کۆبوونەوەکە هەڵوێستەکانی یەنەکە لە بەرامبەر خواستە ناڕەواکانی دەوڵەتی تورک، بە هەڵوێستێکی وڵاتپارێزی و نەتەوەی دەبینێت و گوشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکی بەرامبەر یەنەکە شەرمەزار دەکات.

کۆبونەوەکە داوا لە 'هەموو پارت، ڕێکخراو، دام و دەزگاکانی کوردستان' کرا بە ڕۆحێتی نەورۆز کۆببنەوە و یەکێتی نەوتەوەی بەهێزتربکەن و پێکەوە لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان بووەستنەوە.

کۆبوونەوەکە داوای لە حکومەتی عێراقی دەکا و دەڵێت؛ لە دژی هێرش و ئۆپراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک لە عێراق بوستێتەوە، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی سوپای تورک لابەرێت و کۆتایی بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بهێنێت.

کۆبوونەوەکە داوا لە دەوڵەتی تورک دەکات؛ دەست لەم هەڕەشە و هێرشانە بەردا و بگەڕێتەوە بۆ سەر پرۆسەی دیالۆگی ئاشتی و چارەسەری سیاسی.

کۆبوونەوەکە، داوا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، هێزە زلهێزەکانی جیهانی و ڕای گشتی جیهان دەکات، لە بەرامبەر هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە سەر کوردستان بووەستنەوە و پشتگیری لە تێکۆشان و تەڤگەری ئازادی گەلی کوردستان بکەن."