دوو کەشتی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا نوقم بوون

ھێزی ئاسایشی کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، لە کەناراوەکانی دوورگەی لامپەدوسای، دوو کەشتی ھەڵگری کۆچبەران نوقم بوون. لە ئەنجامدا ٢ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٥٧ کەسیش ڕزگارکراون و زیاتر لە ٣٠ کەسیش بێسەروشوێنن.

بە گوێرەی ھەواڵێکی ئاژانسی ئانسای، ئەو دوو کەشتیەی کۆچبەرانی تێیدا بوون، لە بەندەری سافاکەسی تونسەوە بەڕێکەوتوون و ڕۆژی شەممە لە کەناراوەکانی لامپەدوسای نوقمی ئاو بوون.

لە زانیاریەکاندا ھاتووە، لە نێو یەکێک لە کەشتیەکاندا ٤٨ کەس و لەوەی دیکەشدآ ٤٢ کۆچبەری تێدا بوون .هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکان بە گشتی ٥۷ کەسیان ڕزگارکردوە و تەرمی ۲  کەسیشیان دۆزیوەتەوە.

لەوبارەشەوە بەرپرسان ڕایانگەیاندووە، "یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە ژنێکی خەڵکی کۆتدیڤوار بووە و ئەوی دیکەشیان منداڵێکە. ھەروەھا زیاتر لە ٣٠ کەسیش بێسەروشوێنن".

لە ڕۆژانی  ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار کەس گەیشتوونەتە کەناراوەکانی لامپەدوسای. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ۹۲ هەزار کۆچبەر و پەنابەر گەیشتوونەتە وڵاتی ئیتاڵیا. لە کاتێکدا لە ماوەی ھاوشێوەی ساڵی ٢٠٢٢، زیاتر لە ٤٢ هەزار و ٦٠٠ کۆچبەر لە ڕێگەی دەریاییەوە گەیشتبوونە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.

ژ.ن