گەڕی ٢٠ەمینی کۆبوونەوەکانی ئاستانا دەستیپێکرد
تورکیا، رووسیا و ئێران کە رۆڵی سەرەکیان لە چارەسەرنەکردنی قەیرانی سوریا هەیە، بە بانگەشەی "دۆزینەوەی چارەسەری" جارێکیتر لە ئاستانا کۆبوونەوە.
تورکیا، رووسیا و ئێران کە رۆڵی سەرەکیان لە چارەسەرنەکردنی قەیرانی سوریا هەیە، بە بانگەشەی "دۆزینەوەی چارەسەری" جارێکیتر لە ئاستانا کۆبوونەوە.
نوێنەرانی هەرسێ وڵاتەکە لە ئاستانای پایتەختی کازاخستان کۆبوونەوە. لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سوریاوە تائێستا ئەمە ٢٠ دیداری ئاستانایە. سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانی پێشوو بێ ئەنجام بوون.
دەوڵەتی تورک کە لە قەیرانەکەدا فاکتەری سەرەکیە و لە پێگەی داگیرکەریدایە، یەکەم دیداری ئەمجارەی لە ئاستانا لەگەڵ ئێران ئەنجامدا.
نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا گیەر ئۆ پێدێرسۆنیش بەشداری دیدارەکە دەکات. ئوردن، عێراق و لوبنانیش وەک چاودێر شاندیان رەوانەی کۆبوونەوەکانی ئەم گەڕەی ئاستانا کردووە.
لە کۆبوونەوەکاندا کە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبن، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە پەیوەست بە دۆخی سوریا و رووداو و پێشهاتە مەیدانییەکان تاوتوێ دەکرێن. رەخساندنی هەلومەرجی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ سوریاش یەک لە خاڵەکانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکان دەبێت.
پێشبینی دەکرێت لە چوارچێوەی دیدارەکەی ئەمجارەدا جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، روسیا، ئێران و سوریا لەپێناو 'ئاساییکردنەوەی' پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا لەبارەی 'نەخشەرێگاوە' کۆبوونەوەی راوێژکاری چوارقۆڵی سازبکەن.
دەوڵەتی تورک لەئێستا رووبەرێکی بەرفراوانی لە ناوچە سنوورییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریای داگیرکردووە. لەو ناوچانە رژێمی تیرۆر و تۆقاندنی دامەزراندووە.
هـ . ب