هێرشەکانی سەر رۆژئاوا لە شتوتگارت و فرانکفۆرت شەرمەزار کران

لە شتوتگارت و فرانکفۆرتی ئەڵمانیا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کران.

بەمەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها گۆشەگیری دژوار لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شارەکانی شتوتگارت و فرانکفۆرتی ئەڵمانیا چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوون.

شتوتگارت

لە شتوتگارت لە چوارچێوەی کەمپینی "١٠٠ هەزار کارتپۆستاڵ" کە لە پێناو رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرا، کارتپۆستاڵ نۆ زیندانی ئیمڕاڵی نێردرا.

دواتر کوردستانیان و دۆستانیان بەمەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە گۆڕەپانی کۆبانێ کۆبوونەوە و بە زمانەکانی کوردی و ئەڵمانی راگەیەندراویان خوێنەوە.

فرانکفۆرت

لە شاری فرانکفۆرت لە سەر بانگەوازی بەپەلەی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕگێڕ (تەجەشە) و بزوتنەوەی ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تەکۆژن) بە سەدان گەنجان رژانە گۆڕەپانەکان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد.

لە چالاکیەکەدا گەنجان بێ پسانەوە دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بژی بەرخودانی رۆژئاوا" و "بژی بەرخودانی گەریلا"یان دەوتەوە.

هەر لە چالاکیەکەدا بە زمانی ئەڵمانی دروشمی "ئەڵمانیا پشتیوانی دارایی پێسکەش دەکات و دەوڵەتی تورک بۆردومان دەکات" وترایەوە و ئەوەش خرایەڕوو کە بێدەنگی بەرامبەر بە هێرشەکان هاوکارییە لە داگیرکاری.

هـ. ب