بە دیمەن

لە بەریتانیا داوای ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان کرا

پارێزوانانی مافی مرۆڤ، پارێزەر مارگارێت ئۆین، کە بەشداری چالاکییەکەی بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا بوو، قسەی کرد و وتی: "تاکە هیوای من ئەوەیە کە پێش مردنم عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کورد بە ئازادیی و ئاشتی ببینم."

بەبۆنەی ساڵوەگەڕی هەڵمەتی، " ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی، لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیا گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو. پێش گردبونەوەکە، کوردستانیان بەشداری سێیەمین ڕۆژی "ڕێپێوانی درێژ" بوون کە لەلایەن بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕەوە بۆ پێشوازیکردن لە هەڵمەتەکە دەستیان پێکردبوو. جەماوەرێکی زۆر لە هەرێمی تۆتنهام کۆرت بەشداری ڕێپێوانەکە بوون و پانکارتی ئازادیی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-یان بەرزکردەوە و بەدرێژایی ڕێپێوانەکە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپو"، "ئازادیی بۆ ئۆجالان"، "بژی گەریلا"، "دوێنێ ماندێلا ئەمڕۆ ئۆجالان"، " بمرێ فاشیزم" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" وترانەوە.

ئێمە گۆشەگیری ڕەها دەشکێنین

جەماوەرە بە وتنەوەی دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێ"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "ئازادیی بۆ ئۆجالان" گەیشتنە بەر دەرگای پەرلەمان. ئەرجان ئاکباڵ لەوێ قسەی کرد و پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەمی ئیدانە کرد و وتی: "ئەمە پیلانێکی نامەردانە و دوژمنکارانە بوو. ڕێبەر ئاپۆ بە پارادایمەکەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ڕووخاند و ئەمڕۆ بە ملیۆنان کەس لە دووی ڕێبازەکەی دەڕۆن، ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی و ئازادیمان دەوێت و بۆ ئەمەش لە دەوری بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ کۆ دەبینەوە. گۆشەگیری ڕەها تێک دەچێت و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت.

عەگید کاراتاش لە ئەنجومەنی دەرەوەی گەلی کورد، قسەی کرد و وتی: "ئەوانەی لە بەرامبەر گۆشەگیری دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بێدەنگن، هاوبەشی پیلانگێڕین. پێویستە دامەزراوە نەتەوەیی و حکومەتی بەریتانیا گوێ لە دەنگی گەلان و ملیۆنان کورد بگرن."

پارادایمی ئازادی ژن

پارێزەری مافی مرۆڤ مارگارێت ئۆین قسەی کرد و وتی: "ئەو تاکە ڕێبەرە کە دەڵێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت تا ژن ئازاد نەبێت. ئەمە بە بنەما وەردەگرێت و دەڵێت دەبێ له سیستەمی باوکسالاری ڕزگارمان بێت. سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان ٢٦ ساڵە زیندانی کراوە، بەڵام بیر و هزرێکی بەنرخی بڵاو کردووتەوە و کتێبەکانی خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن. بۆیە پێویستە کتێبەکانی لە قوتابخانەکاندا بخوێنرێتەوە. چونکە بیرۆکەکانی سەبارەت بە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و تێکۆشانی ژنی ئازاد و ژنولۆژی بێ وێنەیە."

مارگاریت ئۆین لە درێژەی وتارەکەیدا، گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بە ئەشکەنجە ناوبرد و وتی: "پێویستە یاساکانی نێلسۆن ماندێلا بۆ هەموو زیندانیان جێبەجێ بکرێت. بەداخەوە ساڵانێکە سی پی تی ڕاپۆرتی لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالان بڵاونەکردووەتەوە. ئەمە قبوڵکراو نییە."

مارگارێت ئۆین سەبارەت بە پارتی کرێکاران لە دەسەڵاتدا وتی: "من لە بێدەنگی پارتی کرێکاران لە بەرامبەر گۆشەگیری دژ بە عەبدوڵا ئۆجالان تێناگەم. سەرۆک وەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوەش لە هەمان کاتدا یاساناسن و پێویستە دژی ئەم نادادپەروەرییە بێدەنگ نەبن."

لە کۆتایی قسەکانیدا مارگارێت ئۆین وتی: "تاکە هیوای من ئەوەیە کە پێش مردنم عەبدوڵا ئۆجالان و گەلی کورد بە ئازادی و ئاشتی ببینم."

'دەبێت بۆ گەلی کورد دەنگمان بەرز بکەینەوە'

ماکسین لوبی سەرۆکی گشتی یەکێتی زانکۆ و پەیمانگاکان (UCU) بەبیری هێنایەوە کە وەک سەندیکا نوێنەرایەتی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" دەکەن و وتی: "ئێمە وەک سەندیکا شانازی دەکەین بە داهاتوومانەوە لە بەرێتانیا. لەبەر ئەوەی هەمیشە دژی گوشار و چەوساندنەوە وەستاوین. بۆ نموونە ئێمە بۆ ئازادی نیلسۆن ماندێلا کار وچالاکیمان کرد و بەردەوامین لە پشتیوانیمان لە گەلی فەلەستین. لەمڕۆشدا دەبێ دەنگمان بۆ گەلی کورد بەرز بکەینەوە کە لە شەڕی داعش دەکەن و تێکۆشان بۆ ئازادی دەکەن.

هاوکات پشتیوانی هەڵمەتەکە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی گەلی کوردە. ئەم هەڵمەتە تەنها بۆ ئازادی کەسێک نییە، بەڵکو لە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالاندا بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و دیموکراسییە لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت. ئێمە وەک UCU پشتگیری لەم هەڵمەتە دەکەین."

لە یەکێتی خزمەتگوزارییە گشتی و بازرگانییەکان (PCS) هەروەها ئاوستین هارڤەی وتی: "کاری سەرەکی ئێمە ئەوەیە پشتیوانی ئەو گەلە بین کە بۆ ئازادی تێدەکۆشێت."

دوای وتارەکان گەنجان بە دیلان و گۆرانی و وتنەوەی دروشمەکان درێژەیان بە چالاکییەکانیان دا.