لە کەنیسەیەکی ئوستراڵیا مەراسیمی پیرۆزبایی رۆژی جیهانی کۆبانێ بەرێوەچوو

بە بۆنەی رۆژی جیهانی کۆبانێ بە پێشەنگایەتی قەشە بیل کروز لە کەنیسەی " Uniting Church of Australia " لە شاری سیدنی ئوستراڵیا مەراسیمێکی واتادار سازکرا.

لە چالاکیەکەدا قەشە بیل کروز وتەیەکی پێسکەش کرد و رێزی خۆی بۆ تێکۆشانی رەوای گەلی کورد لەپێناو ئازادی، دەربڕی.

کروز ئەوەی خستەڕوو، کە تێکچوونی داعش دوابەدوای سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ و سیستمی هاوسەرۆکایەتی بە هەموو جیهانی نیشاندا، کە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە رۆژئاویا کوردستان دەتوانێت کولتور، ئایین و گەلانی جیاجیا لە ژیانێکی یەکساندا کۆبکاتەوە.

قەشە بیل کروز هێمای بۆ ئەوەکرد کە کاتێک لە ئەوروپا لە پرۆژەکانی هاریکاری و فریاگوزاری مرۆییدا کاری کردووە، زۆر پەنابەری کوردی ناسیوە کە لە دەست داعس هەڵاتوون، ئەو سپاس و نزای خۆی بۆ گەلی کورد و بەرخودانەکەیان پێشکەش دەکات.

بە نوێنەرایەتی ناوەندی کۆمەڵەی دیموکراتیکی کورد لە سیدنی باران سۆگوت قسەی کرد و باسی لەوەکرد کە رۆژئاوا بە خوێنی هەزاران گەنجی کورد خوڵقێندراوە و لەهەمان کاتدا ماڵی ئاشووری، ئێزدی و زۆر پێکهاتەی دیکەیە.

سۆگوت دەستنیشانی کرد کە رۆژئاوا پارچەیەک لە فیدڕالیەتی دیموکراتیکە کە کۆمەڵگا جیاوازەکان دەتوانن قسەی خۆیان هەبێت و گوێیان لێدەگیرێت.

باسی لەوەشکرد کە ژنان لە جومگە سەرەکیەکانی سیستمی دیموکراتیکدا، لە کایە سیاسی، کارگێڕی، سەربازی و کۆمەڵایەتیەکاندا پێشەنگایەتی دەکەن و وتی، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هێرشەکانی بۆسەر هەرێمەکە و کوشتنی مەدەنییەکان تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.

چالاکیەکە بە کۆنسێرتی گۆرانی هۆزان خانەمیر کۆتاییهات.

هـ . ب