لە سبەینێوە فینلەندا دەبێتە ئەندامی نوێی ناتۆ
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، یانس ستۆڵتەنبێرگ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاند، لە سبەینێوە ٤ نیسانی فینلەندا دەبێتە ئەندامی ناتۆ.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، یانس ستۆڵتەنبێرگ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕایگەیاند، لە سبەینێوە ٤ نیسانی فینلەندا دەبێتە ئەندامی ناتۆ.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی و پاش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی دەوڵەتانی سەر بە ناتۆ، ستۆڵتەنبێرگ گوتی: «ئەمە هەفتەیەکی مێژووییە. سبەینێ بەخێرهاتنی فینلەندا دەکەین وەک ٣١ ـەمین ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ... هەر سبەی، بۆ یەکەمجار ئاڵای فینلەندا لە بارەگای هاوپەیمانییەکە هەڵدەکرێت».
ستۆڵتەنبێرگ لە درێژەی قسەکانی گوتی: «وەرگرتنی فینلەندا، خێراترین پرۆسەی بەئەندامبوون بووە لە مێژووی هاوپەیمانییەکەدا»، هەروەها داوای خێراکردنەوەی بەئەندامبوونی سویدی کرد. هاوکات، نوسینگەی سەرۆکی فینلەندا ئەم لێدوانەی پشتڕاستکردەوە.
لە ٤ بۆ ٥ ـی نیسان لە برۆکسل، کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت. هەریەک لە فینلەندا و سوید لە ئایاری ساڵی ڕابردووەوە داوای بەئەندامبوونیان لەم هاوپەیمانییە کردەوە، ئەوەش لەپاش سەرهەڵدانی دۆخی ئۆکرانیا.