لەپیناو ئازادی ئۆجالان لە لوزێرن چالاکییەک سازکرا

لە شاری لوزێرن-ی سویسرا بە ئامانجی هەڵگرتنی گۆشەگیری دژوار لە سەر رێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان چالاکییەک سازکرا.

کوردستانیان، بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ و ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تەکۆژن) لە شاری لوزێرنی سویسرا کۆبوونەوە و لەچوارچێوەی هەڵمەتی "جەنگی ئازادی بگەیەننە سەرکەوتن" گردبوونەوەیەکیان ساز کرد.

چالاکییەکە لە بانهۆپلاتز سازکرا، دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیان و یادی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان چالاکییەکە دەستیپێکرد و سەرەتا هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە لوزێرن (جەدەکە) نورشەن دەمیر قسەی کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ بە مەبەستی شەرمەزارکردنی گۆشەگیری دژوار لە سەر رێبەرایەتیمان گردبووینەوە. تائازادبوونی رێبەرایەتیمان لە گۆڕەپانەکان دەبین".

دواتر سیاسەتمەدار، موسا فاریسئۆگیولاری وتەی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە بە پێشەنگایەتی گەنجان دامەزراوە و لەگەڵ گەنجان بەردەوام دەبێت و وتی، "ژیانی سەرمایەداری رەتدەکەینەوە. هەموو کات کلتوور و ئەندێشەکانی رێبەرایەتیمان بە بنەما دەگرین و درێژەی پێدەدەین. تا رێبەرمان ئازاد نەکرێت، گەلەکەمان ئازاد نابێت. هەربۆیە تا ئازادیی رێبەرمان بەردەوام لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا دەبین".

لەچالاکییەکەدا لە لایەن هێڤی ئایدۆگموش، ئەندامی تەجەشە راگەیەندراوێک بە زمانی ئەڵمانی خوێندرایەوە و تیایدا باس لەوەکرابوو کە گەلی کورد بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و بەم جۆرە درێژەی پێدراوە: "هەلومەرج هەرچییەک بێت با ببێت، جگە لە بەرخۆدان هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە. وەک مەزڵوم دۆغان وتی 'بەرخودان ژیانە'. ئێمەی گەنجانی کورد تا رێبەرمان، گەلەکەمان و وڵاتەکەمان ئازاد نەکەین، ناوەستین و ناسرەوین".

چالاکییەکە بە راگەیاندنی بانگەوازی بەشداریکردن لە رێپێوانی ناوەندی لۆزان، کە بڕیارە لە سەدەمین ساڵەی پەیماننامەی لۆزان بەڕێوەبچێت، کۆتایی هات.

ژ.ن

ژ. ن