نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیا ١٠ ملیۆن کەمی کردووە

سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندراوێکدا دووپاتی کردەوە "لە داگیرکاری ڕووسیاوە لە شوباتی ٢٠٢٢ تا ئێستە، ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیا زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەمی کردووە".

بەڕێوەبەری هەرێمیی (UNFPA) فلۆرێنس باوێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ژنێڤ گوتی: "ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیا لە دەسپێکی شەڕەوە تا ئێستە بەگشتی زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەمی کردووە".

پێش شەڕیش کێشەی دیمۆگرافی هەبوو

باوێر هۆکاری ئەمەی گەڕاندەوە بۆ "کەڵەکەبوونی فاکتەرەکان" و گوتی "پێش شەڕیش لە ئۆکرانیا کێشەی دیمۆگرافیی مەزن هەبوو". لە درێژەدا گوتی "ئۆکرانیا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی ڕێژەی لەدایکبوونی زۆر کەمە. زۆر کەسیش ئەوکاتەی دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە وڵاتەکەیان جێهێشتووە. ژمارەی دانیشتووان ڕووی لە پیری زیاتر و کەمبوونەوە دەکرد.

ئەم ڕەوشە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات هێندە نائاسایی نییە، چونکە لە چەندین وڵات گۆڕانی دیمۆگرافیی وەهایان بەخۆوە بینیوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ بە دەسپێکردنی داگیرکاری ڕووسیا ئەم ڕەوشە خراپتر بوو".

یەکێکە لە کەمترین ڕێژەکانی لەدایکبوون لە جیهاندا

هەر لە درێژەی قسەکانی گوتی: "ڕێژەی لەدایکبوون گەیشتووەتە کەمترین ئاست، کە هەر ژنێک مناڵێکی بەردەکەوێت، ئەمە یەکێکە لە کەمترین ڕێژەکانی جیهان و زۆر لەژێر سنووری نوێکردنەوەی ژمارەی دانیشتووانە کە دەبێت هەر ژنێک لانی کەم ٢،١ مناڵی بەربکەوێت".

لەکۆتاییدا هۆشداری دا: "هەروەها ٦،٧ ملیۆن مرۆڤ لە ئۆکرانیا هەڵاتن و ژمارەیەکیش بەهۆی شەڕەوە مردوون.

ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیا لە ٢٠٢٠ وەک ٤٤ ملیۆن و لە ٢٠٢٢ وەک ٣٨ ملیۆن تۆمار کرابوو".