نەورۆز لە لیڤەرپول بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز کرا

کوردستانیان لە شاری لیڤەرپولی بەریتانیا بە جۆش و خرۆشەوە نەورۆزیان پیرۆز کرد و رایانگەیاند "ئازادی رێبەر ئاپۆ ئازادی ئێمەیە".

یەک لە شارە گرنگەکانی بەریتانیا کە ژمارەیەکی کورد تیایدا دەژین لیڤەرپولە. لەو شارە بە بەشداری سەدان کوردستانی و دۆستی گەلی کورد نەورۆز پیرۆز کرا.

چالاکیەکەی نەورۆز بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد و دواتر دروشمی 'شەهید نامرن' وترایەوە و پاشانیش جەماوەرەکە سرودی چەرخی شۆڕشییان وتەوە.

لە مەراسیمەکەدا کوردستانیان بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشداربوون و بەردەوام دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "بژی بەرخودانی گەریلا"، کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیستان" دەوترانەوە.

لەسەرەتادا هونەرمەند مەروان شان چووە سەر شانۆ و گۆرانیەکانی پێشکەش کرد، پاشان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کورد لە بەریتانیا سەعید سوروچ وتەیەکی پێشکەش کرد و ناڕەزایەتی دژی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندا.

سوروچ وتی، "وەک گەلی کورد ئێمە دەڵێین 'رێبەر ئاپۆ تاکە ئیرادەی گەلی کوردە. بەدیلگیرانی رێبەر ئاپۆ بەدیلگیرانی هەموومانە، بەدیلگیرانی سەرجەم گەلی کوردە. ئازادی رێبەر ئاپۆ ئازادی هەموومانە. تا رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، نە گەلی کورد و نەگەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازاد نابن".

دواتر پەیامی پەرلەمانتاری پارتی کرێکاران لە بازنەی لیڤەرپول پاولا بەیکر خوێندرایەوە، کە تیایدا بە بۆنەی نەورۆزەوە پیرۆزبایی خۆی راگەیاندبوو.

هـ .ب