پارتی چەپی ئەوروپا: میدیای کوردی دەنگی ملیۆنان کەسە، ئەم پێشێلکارییە یاساییە قبوڵنەکراوە

پارتی چەپی ئەوروپا هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر تیڤی بە توندی شەرمەزار کرد و رایگەیاند،" هەڵکوتانی پۆلیسی بەلجیکا بۆ سەر میدیای کوردی پێشێلکردنی بنەما یاساییەکانی بەلجیکا و ئەوروپایە. دەبێت کاربەدەستانی بەلجیکا روونکردنەوە بدەن".

ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر هەڵکوتانی پۆلیسی فیدڕاڵی بەلجیکا بۆ سەر ستۆدیۆکانی مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی لە شاری دێندێرلیوی بەلجیکا لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بەردەوامە. پارتی چەپی ئەوروپا (ئەوروپیەن لێفت) بە راگەیەندراوێک هەڵکوتانی پۆلیس بۆ سەر کەناڵە کوردیەکانی بە توندی شەرمەزار کردووە و ورایگەیاندووە، "ئەو هەڵکوتانە سەرە کە هێزە چەکدارەکان لە رێگەی تێکشکاندنی ئامێرەکانەوە ئەنجامیاندابوو، نەک هەر بنەماکانی ئازادی راگەیاندن پێشێل دەکات، هەروەها پێودانگە بنچینەییەکانی یاساییەکانی ئەوروپا و بەلجیکاش دەخاتە ژێرپێوە".

'هەڵکوتانەکەی پۆلیس رێگە لەبەردەم نیگەرانی گەورە دەکاتەوە'

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەڵکوتانەکەی پۆلیس بۆ سەر ئەو کەناڵانە بە ئامانجی سەرکوت و برینی دەنگی کوردانە، رێگە لەبەردەم نیگەرانی گەورە دەکاتەوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، "لەبەر ئەوەی هەڵکوتانە لە رۆژی رۆژنامەوانی کوردیدا و دوای سەردانی دیپلۆماتیکی شاندی باڵای تورک بۆ بەلجیکا ئەنجامدرا، لە رووی سەرکوتکردنی دەنگی کوردانەوە رێگە لەبەردەم نیگەرانی گەورە دەکاتەوە".

'میدیای کوردی دەنگی ملیۆنان مرۆڤە'

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "میدیای کوردی بۆ ملیۆنان کورد بە تایبەتی ئەوانەی لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتدەژین، لە بەرامبەر پێکدادان و گوشاری سیاسی ئەوان وشیار دەکاتەوە و لە پرسی رادەربڕینیشدا ستێرک تیڤی رۆڵێکی گرنگی هەیە. هێرش بۆ سەر ئەو دامەزراوە میدیاییانە بە هیچ جۆرێک مایەی قبوڵکردن نییە و مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر جەوهەری بەها دیموکراتیکەکان، کە ئێمە وەک پارتی چەپی ئەوروپا پاڕێزگارییان لێدەکەین.

ئێمە رایدەگەیەنین کە ئێمە لەگەڵ رۆژنامەوان و میدیاکارانین کە بە هۆی ئەو هێرشانەوە کاریگەریان لەسەر دروست بووە و داوا لە هەموو دامەزراوە سیاسی و دەزگا راگەیاندنە دیموکراتیکەکانی ئەوروپا دەکەین، ئەو هێرشە چەپەڵ و قزەونانەی کراونەتە سەر میدیا، شەرمەزار بکەن.

'پێویستە کاربەدەستانی بەلجیکا روونکردنەوە بدەن'

هەروەها ئێمە داوا لە کاربەدەستانی بەلجیکا دەکەین کە سەبارەت بەو کردەوە نایاساییانە لە چوارچێوەی لێپێچینەوەدا روونکردنەوە بەرفراوان بدەن. بۆ پاراستنی ئازادی راگەیاندن و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو جۆرە دەبێت رێکاری پێویست بگرنەبەر.

ئێمە وەک پارتی چەپی ئەوروپا رایدەگەیەنین کە هەموو کات پشتیوانی لە رۆژنامەوانان و دەزگا میدیاییەکان دەکەین، کە سەرباری هەموو هەلومەرجێکی دژواریش رای گشتی ئاگادار دەکەنەوە. مافی چاپەمەنی ئازاد تەنیا مافێکی بنچینەیی مرۆەکان نییە، هاوکات بناغەی هەموو کۆمەڵگا دیموکراتیکەکانیشە".

هـ . ب