پاش فەرەنسا پشێوییەکان گەیشتنە سویسرا

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی Minutes 20، لە پشێوییەکانی شەوانی شاری لۆزاندا، پۆلیسی سویسرا حەوت کەسی دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، "باس لەوە دەکرێت، سێ کچی بە ڕەچەڵەک پورتوگالی و بۆسنی و سۆماڵی، هەروەها دوو گەنجی جۆرجی و سڕبی لەگەڵ دوو کەسی سویسری دەستگیرکراون، شەش کەسیان تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ١٧ ساڵە و یەکێک لە دەستگیرکراوەکان تەمەنی ٢٤ ساڵە".

هەر بەگوێرەی ڕۆژنامەکە "ڕەوشی فەرەنسای دراوسێ، بۆتە هۆی خرۆشانی هەندێک لە سویسرییەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەواز دەکرێت بۆ ڕژانە سەر شەقامەکان".

خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر فرۆشگاکان و بەرەنگاری پۆلیس بوونەوە، بەقسەی چاودێرانی ڕووداوەکە، زیاتر لە ١٠٠ کەس بەشداری ئەم پشێوییە بوون: بەرد و مۆڵۆتۆڤیان گرتۆتە پۆلیس، لەنێویاندا مناڵی خوار تەمەن پانزە ساڵ هەبووە.

لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا، هیچ پۆلیسێک بریندار نەبووە.