پەرلەمانتاری ئوسترالی بۆید: پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئوسترالیا لە ویلایەتی نیو وەیڵز (NSW) ئەبیگەیل بۆید، ڕایگەیاند، پێویستە ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکرێت.

پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئوسترالیا لە ویلایەتی نیو وەیڵز (NSW) ئەبیگەیل بۆید، لە وتەیەکیدا لە پەرلەمانی (NSW) لە سیدنی، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە گۆشەگیری هەڵوەشێتەوە کە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە، ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکرێت.

"دەوڵەتی تورک یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات"

بۆید گوتی: "بەشداربووم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەناونیشانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کە لەلایەن فیدراسیۆنی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی ئوسترالیا لە ١١ی تشرینی یەکەم لە بەردەم پەرلەمانی ویلایەتی NSW بەڕێوەچوو. ئۆجالان بەهۆی توندی ڕەوشی گۆشەگیرییەوە، زیاتر لە ٣ ساڵە نەیتوانیوە لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی کۆببێتەوە. دوایین جار لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێگەی پێدرا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام بدات. ئەم سیاسەتەی گۆشەگیری بەرامبەر ئۆجالان پێشێلکردنی یاساکانی تورکیا و یاسا نێونەتەوەییەکانە. ئۆجالان و پەکەکە دەیان ساڵە لە پێناو ئازادی و مافە دیموکراسیەکانی گەلی کورد دژی دەوڵەتی تورک تێدەکۆشن. عەبدوڵا ئۆجالان چرای ئومێدە بۆ هەموو کوردانی جیهان و ڕەوەندی کورد لە ئوسترالیا. لە هەمان کاتدا هێمای ١٠٠ ساڵ بەرخۆدانە لە بەرامبەر زوڵمی دەوڵەتی تورک. بۆئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵی خۆی لە چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسیانەی کێشەی کورد بگێڕێت، پێویستە دەستبەجێ گۆشەگیریی ڕەها هەڵبگیرێت و لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی کۆببێتەوە. ئێمە وەک پارتی سەوز بانگەواز لە حکومەتی ویلایەتی نیو وەیڵز (NSW) دەکەین، پشتیوانی بەهێز لە گەلی کورد بکەن، پشتیوانی لە بانگەوازی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بکەن".