شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ٣٣هەمین ڕۆژی خۆیدایە

لە ٣٣هەمین ڕۆژی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی خۆی. هەروەها لە باشووری لوبنان لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلدا شەڕ هەیە.

ئەو شەڕەی کە لە ٧ی تیشرینی یەکەم بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد، بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر غەززە بەردەوامە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: تا ئەو کاتەی زیندانییەکان ئازاد نەکرێن، ئاگربەست قبوڵ ناکەن، هەروەها سووتەمەنی نانێرین بۆ ناوچەکە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ٢٤١ زیندانی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون، دەبێت پێش داواکاردنی ئاگربەست ئازاد بکرێن. هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەگەر ئاگربەست ڕابگەیەنرێت، حەماس ١٠ بۆ ١٥ زیندانی ئازاد دەکات و لیستی زیندانییەکان بڵاودەکاتەوە.

سوپای ئیسرائیل لە ناوەندی غەززەیە

بەپێی وتەی یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل، سەربازانی ئیسرائیل 'لە دڵی شاری غەززەدان'. هەروەها گالانت جارێکی دیکە داوای لە خەڵکی مەدەنی فەلەستینی کرد کە "لە پێناو سەلامەتی خۆیان" بچنە باشووری کەرتی غەززە.

دۆخی غەززە کارەساتە

دۆخی غەززەش بەرەو کارەسات دەڕوات. بەشی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە تلگرامدا ڕایگەیاندووە، زۆرێک لە گۆڕستانەکانی ناوچەکە پڕ بوون و هیچ شوێنێک نەماوە بۆ ناشتنی کوژراوەکان.

دانیشتوانی غەززە لە ٩ی تیشرینی یەکەمدا بێبەشبوون لە ئاو، کارەبا و خۆراک لەبەر ئەوەی گەمارۆیەکی سەختیان لەسەرە.

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی  کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA)، لە ٢١ی تیشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ٦٥٠ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لە دەروازەی ڕەفەحاوە دەربازی بۆ ناوچەکە بوون.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە باکووری غەززە هەڵدێن لە زیادبووندایە

ژمارەی ئەو کەسانەی لە باکووری کەرتی غەززە هەڵدێن لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا سێ هێندە زیادی کردووە. ئۆجەها ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ١٥ هەزار کەس لە ٦ی تشرینی دووەمدا ڕایان کردووە و دەربازیان بووە.

بەپێی ئامارەکانی ئۆجەها، نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون.

ئامارەکان ڕوویان لە زیادبوونە

لە دوایین ڕاگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس، ڕاگەیەندرا کە لە ٧ی تیشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ١٠ هەزار و ٣٢٨ کەس لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە کە چوار هەزار و ٢٠٠ کەسیان منداڵ بوون.

ئەمریکا: ئیسرائیل نابێت جارێکی تر کەرتی غەززە داگیر بکات

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی G7 لە تۆکیۆ لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند کە ئیسرائیل نابێت جارێکی دیکە کەرتی غەززە داگیر بکات.

ڕون دێرمەر وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (MSNBC)ی ئەمریکی قسەی کردووە و وتوویەتی "ئەمە نابێت بە داگیرکەری".

G7 داوای 'ناوبرێکی مرۆیی' و 'ڕێرەوی مرۆیی'ی کرد

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی  G7ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە پشتگیری لە "رێڕەویێکی مرۆیی" دەکەن بۆ ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بە خێرایی بگاتە ناوچەکە و ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی کە لەژێر هەرەشە و مەترسیەکانی شەڕدان بگوازرێنەوە بۆ ناوچەیەکی ئارام.

هاوکات لەگەڵ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (دییە) بەردەوامە. سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، لە بەرامبەر بارەگایەکی سەربازی یکێتی هاوپەیمانی ناونەتەوەیی دژ بە داعش کە لە فرۆکە خانەی هەولێرن هێرشێک ئەنجامدرا. ئەو هێرشانەی کە بە درۆن ئەنجامدرا سەرکەوتوو نەبوو.