ئەگەری پێکدادانی ڕوسیا و ناتۆ زیاتر بووە

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ئەلیکساندەر گروشکۆ، هۆشداری دەدات لە زیادبوونی مەترسی پێکدادانی سوپای ڕوسیا و هێزەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).

گروشکۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەزڤێستای ڕوسی دەڵێت، مەترسییەکانی پێکدادانی ڕاستەوخۆی وڵاتەکەیان و ناتۆ زیادی کردووە، دۆخی ناوچەی بەڵتیک کە بەهۆی چالاکییەکانی ناتۆوە لە ناوچەیەکی ئارامەوە گۆڕاوە بۆ ناوچەی کێبڕکێی سەربازی، نموونەیەکە بۆ ئەم مەترسییە.

هەروەها گروشکۆ دەڵێت، ڕوسیا پێشنیاری کردووە بۆ پاراستنی ئارامی لە دەریای بەڵتیک، بەڵام ناتۆ هیچ پێشنیارێکی ڕوسیای ڕەچاو نەکردووە. بەبڕوای گروشکۆ، بەهەمانشێوە وەرگرتنی فینلەندا وەک ئەندامی ناتۆ ئەم مەترسییە زیاتر دەکات. 

پێشتر وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا، دێمیتری بیسکۆڤ باسی لەوە کردبوو کە پاوانخوازییەکانی ناتۆ، ڕوسیا ناچاردەکات ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی.

ف.ق