بە دیمەن

چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو گەریلایانەی چەکەکانیان سووتاند

چاوم چووە سەر گۆشەی راستی کۆتایی پلیکانەکان کە چەکەکانی لێ دەسوتێنرا. لوولەی کڵاشینکۆفێک لەنێو ئاگرەکەدا سوور ببووەوە، بەڵام ئەم جارە بەهۆی ئەو گوللـەوە سوور نەببووەوە کە ئاڕاستەی دوژمن دەکرێن، بەهۆی ژیانەوەیەکی نوێ، تێکۆشان و ئاشتی سوور ببووەوە.

چاودێری هەنگاوی مێژوویی

لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان هەنگاوێکی مێژووییان نا. لەبەردەم ئەشکەوتی جاسەنەی ناوچەی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان مەراسیمێکی شکۆداریان بەڕێوەبرد. من دوێنێ وردەکارییەکانی مەراسیمەکەم نوسیبوو. بەڵام دوای ئەوەی مەراسیمەکە کۆتایی هات، جۆشوخرۆشی خۆم و چەند هاوڕێی ڕۆژنامەوانم زیادی کرد. گێڕانەوەی ئەم جۆشوخرۆشە زەحمەتە، بەڵام جارێکی تر دەمەوێت بڵاوی بکەمەوە.

شتە هەرە گرانبەهاکانیان دوای خۆیان بەجێهێشت

دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمەکە، دڵخۆشبووین بەوەی کە داخوازییەکانمان بۆ ئەو چاوپێکەوتنەی کە ڕۆژی بەر لە مەراسیمەکە ڕامانگەیاندبوو، بەڵێیان بۆ کراوە. بەشدارانی مەراسیمەکە وردە وردە بڵاودەبنەوە. لە ڕووخساری هەمووان غەمگینییەک هەبوو، ئەو بەهایانەی کە دەیانەویست لەباوەشی بگرن و لەگەڵ خۆیان بیبەن، دوای خۆیان جێیان دەهێشت و دەگەڕانەوە.

بێگومان هەندێک توڕەییش هەبوو، لەبەرئەوەی هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەنراوە، ئەگەر بنرایە، دەیانتوانی هەمووان بەیەکەوە بگەڕێنەوە نیشتیمان. ئەو کەسانەی بەشداری مەراسیمەکە بوون مۆڕاڵێکی گەورەیان هەبوو، لەبەرئەوەی پێویستی بە کار و بەرپرسیارێتی هەیە کە ڕێ بۆ زەمینەیەکی دیموکراتیک خۆشبکەن. گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بانگەوازیان بۆ لایەنە کۆمەڵایەتییەکان کردبوو کە زیاتر خاوەندارێتی لە پڕۆسەکە بکەن. لەبەر ئەوە پێویستە بەپەلە بگەڕێنەوە و کار بکەن. بەڵام غەمگینی سەر ڕوخساریان لەبەرچاو لاناچێت.

داواکاریی چاوپێکەوتنەکە قبووڵکرا، لەگەڵ گەریلا چاوپێکەوتن دەکەین

بارودۆخی من هەندێک جیاوازە. لە ماوەیەکی کەمدا گفتوگۆ لەگەڵ ئەو گەریلایانەدا دەکەین کە چەکەکانیان سووتاندووە. جۆشوخرۆشێکی زۆر دڵمی داگیرکردووە. تەنانەت، لە دڵی خۆمدا دەمهەویت خێرا جەماوەری مەراسیمەکە بڵاوەی لێبکەن. ئەو ساتەوەختەی کە ڕۆژانێک بوو چاوەڕێی بووم، هات. بەڵام بارودۆخی ناجێگیری هەنووکەیش ناشێت لەبەرچاو نەگیرێت. نازانم بۆچی، بەڵام بەڕای من یەکینەکانی ئاساییشی یەنەکە کە ئاگاداری بارودۆخەکە بوون، ڕێوشوێنی زۆریان گرتووەتە بەر. سەرەڕای ئەوەی کە ڕێوشوێنی پێویستیش گیراوەتە بەر، ئاساییشی یەنەکە هەوڵیدەدا ئێمە لە ناوچەکە دوور بخاتەوە. نەک تەنها من، ڕاگەیاندنە نێونەتەوەییەکانیش ڕووبەڕووی هەمان بارودۆخ بوونەوە.

بەخت یاوەرمان بوو کە بارودۆخەکە زۆر درێژەی نەکێشا، دوای هاتنی بەرپرسانی کەجەکە ئێمە لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتینە شوێنێکی گونجاو. بەڵام دوای ماوەیەکی کورت، جارێکی تر گرژی دروست بوو. تەنانەت ئەم دۆخە چەند جارێک دووبارە بووەوە.

ڕۆژنامەوانانی تر کە هەستیان کرد ئێمە دەچینە ناو گەریلاکان، ویستیان لەگەڵماندا بێن. هەڵبەت مافی خۆیانە، دوای مەراسیمێکی لەم شێوەیە هەر ڕۆژنامەوانێکی بەپەرۆشە کە سەرنجی گەریلا وەربگرێت و دەیەوێت ئەو یەکەم کەس بێت کە مایکەکەی دەخاتە بەردەمیان. بەڵام چار نەبوو، لەبەرئەوەی هێزەکانی ئاساییش ڕازی نەبوون، ناچاربووین شوێنەکە بەجێبهێڵین.

لەباوەشگرتنیش قەدەغەیە!

ئێمە و چوار ڕاگەیاندنی جیاواز، وەستاین. زانیمان کە تەنها ١٠ گەریلا دەمێننەوە بۆ چاوپێکەوتن. دوای بڵاوبوونەوەی قەرەباڵغییەکە، ٢٠ گەریلا بەشێوەی گرووپی چوار پێنج کەسی شوێنەکەیان بەجێهێشت. هەر گەریلایەک کە گۆڕەپانەکەی بەجێدەهێشت بە پێکەنینێکی گەرم و سڵاوەوە ماڵئاوایی دەکرد. لە گرووپی دووەمی ئەو گەریلایانەی گۆڕەپانەکەیان بەجێهێشت، چاوم بە شیار دەرسیم کەوت. نزیک بوویەوە و پرسی؛ 'ئۆو هەڤاڵ بارش چۆنی؟' من پێشتر نەمبینیبوو، بیرمدەکردەوە چۆن منی دەناسی، وتی، 'ئێمە تەماشاتان دەکەین، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم'. یەکدیمان لەباوەش گرت. لەو ساتەدا ئەفسەرێکی ئاساییش هاتە نێوانمان: 'قەدەغەیە!' زۆر دڵگران بووم. تێناگەم بۆچی. میت، تەسەکە و هەموو میوانەکان ڕۆیشتن، ئیتر ئەمە بۆچی؟ بەڵام نەمهەویست بابەتەکە گەورە بکەم، ئەو مۆڵەتانەش کۆتایی پێبێنم کە ئێستا پێمان درابوو. دوای ماڵئاوایی بە دەنگێکی نزم، ئەو گرووپەش گۆڕەپانەکە بەجێدەهێڵێت.

گۆڕەپانەکە بەتەواوی چۆڵکرا و ٢٠ گەریلا بە ڕێوشوێنی ئەمنی گۆڕەپانەکەیان بەجێهێشت. پاشان ڕۆژنامەنووسەکان بەرەو چیاکە ڕۆشتن. هەر گرووپێک لە دوای ڕاپۆرت دان و دەچوونە سەرەوە، وەک ئەوەی ماندوێتی ڕۆژەکە فڕێدرابێت، بە خۆشی دەهاتنە خوارەوە.

هەروەها سەرنجم لەسەر تێبینییەکانم بوو، خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەم بووم، لە پشتمەوە، گوێم لە دەنگی ئەو بەرپرسە بوو کە دەیگوت 'نۆرەی ANF'یە. دەستبەجێ هەستام، چاوەکانم و چاوی هەڤاڵە کامێرامانەکەم بەریەکەوتن و لە ماوەی چەند چرکەیەکدا کەوتینە جوڵە کردنەوە. پێشتر بە پلیکانەی گەریلاکان تێپەڕیبووین، بەرەو سەرەوە ڕۆشتین. کاتێک بە بیرکردنەوە دەڕۆشتم تێبینی ئەوەم نەکرد، بەڵام دواتر تێگەشتم پلەی گەرما ٤٥ پلەیە، لە بەیانییەوە لە جوڵە کردندابووین و بە نزیکەی ٢٠ کیلۆ کەرەستەی تەکنیکییەوە بە پلیکانەکاندا بەرەو سەرەوە ڕۆیشتین، بەڵام بچووکترین هەستی ماندوێتی نەبوو، تەنانەت جۆش و خرۆشمان گەشتبووە لوتکە.

'بێدەنگبە'

دوای چەند هەنگاوێکی تر، پێش ئەوەی بگەینە دەروازەی ئەشکەوتەکە، سەرنجم دایە ڕۆژنامەنووسێک لە لای چەپمەوە. لە پێشی ئەودا بەسی هۆزاتم بینی کە بەزەحمەت دەمتوانی بیبینم بە هۆی لق و پۆیەکانی دارەکانەوە. بەهۆی دوورییەوە گوێم لە دەنگی نەبوو، بەڵام هەموو شتێک لە ڕێگەی ئاماژەوە دەگوترا. هەڤاڵە کامێرامانەکەم بە ئاماژەی دەستی خستەسەر لێوەکانی و وتی 'بێدەنگبە' و بەردەوام بووین. دوای چەند هەنگاوێکی تر بینیم گەریلا لە دەرگای ئەشکەوتەکە وەستابوون.

'ئەشکەوتەکە خاوەن پاراستنێکی سروشتییە'

ئەشکەوتەکە لە نێوان دوو بەڕی گەورەدایە بەرزییەکەی نزیکەی ٧٠-٨٠ مەتر دەبێت، خاوەن پاراستنێکی سروشتییە. کاتێک بە پلیکانەکاندا سەردەکەویت، لە لای ڕاستەوە دەرگایەک هەیە بەرزییەکەی ١٠-١٥ مەتر و پانییەکەی ٣-٤ مەتر فراوان دەبێت. بەرەو ناوەوە تەسک دەبێتەوە. لەبەردەم ئەشکەوتەکەدا ناوچەیەکی بچووک هەیە، چەند گەریلایەک لەسەر کورسی پلاستیکی سپی دانیشتوون. لەناو ئەشکەوتەکەدا ٤-٥ گەریلا ڕووبەڕووی یەکتر دانیشتوون.

'ڕاگەیاندنی ئازاد هاتووە'

کاتێک چووینە گۆڕەپانەکەوە، هەموو هەستان. بەهزاد چارچەڵ گوتی 'ڕاگەیاندنی ئازاد هاتووە'. سڵاویان لە هەمووان کرد، هیوای سەرکەوتنیان خواست. منیش دەستبەجێ ئەو سڵاوەم گەیاند کە بە درێژایی ڕێگاکە هەڵمگرتبوو. زۆر بە گەرمی پێشوازیمان لێکرا. لەو ساتەدا یەک بە یەک سڵاومان لە گەریلاکانی ناو ئەشکەوتەکە کرد. دەستبەجێ پرسیان مەڕاسیمەکە چۆنبوو. مەڕاسیمەکە چەندە بۆ ئێمە جێی تامەزۆری بوو، بۆ ئەوان زیاتر بە جۆش و خرۆشبوو، پێشبینی کردنی ئەمە سەخت نییە.

قسەکردن زۆر قورسە، بەڵام لە چاوی هەر گەریلایەکدا ئیرادە و متمانە بەخۆبوونێکی مەزن هەیە. زۆر باش دەزانن چی دەکەن، دەیانەوێت چی بکەن. هەمیشە دەڵێن کە ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێک. پێم وایە هۆکاری ئەو هەڵوێستە شکۆمەندە لە مەراسیمەکەدا ئەم سەقامگیری و ئیرادەیە. ڕەنگە وەک دروشمێک دەربکەوێت، بەڵام هەموو جموجوڵێکیان کاریگەر بوو.

زۆری نەخایاند هەڤاڵە کامێرامانەکەم دەستی بە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان کرد. من و میوانەکانم لە گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، تێکۆشین ئۆزان و بەهزاد چارچەڵ لە دەروازەی ئەشکەوتەکەدا چووینە ناو ئەو بەشەی کە بۆ چاوپێکەوتنەکە ئامادەکرابوو. ڕاست لەبەردەممدا دانیشتن، لە تەنیشت یەکترەوە. لە نێوان شانەکانیاندا بەشێک لە گۆڕەپانی مەراسیمەکە لە خوارەوە دیارە. هەموو سەرنجەکانم چڕ دەکەمەوە و چاوپێکەوتنەکە دەست پێدەکەم. من ناچمە ناو وردەکارییەکانی چاوپێکەوتنەکە، چونکە کاتێک ئەمەم دەنووسی بڵاوکرابووەوە.

'لە چاوەکانییدا هەڵوێستی بێ دوو دڵی سەید ڕەزا هەبوو'

دوای چاوپێکەوتنەکە چووینەوە ناو ئەشکەوتەکە. کاتێک قسەمان دەکرد، بەسێ هۆزات کە تازە چاوپێکەوتنەکەی کۆتایی هاتبوو ئەویش هات. بە پێکەنینەوە هاتە ژوورەوە و وتی 'بەخێر بێیت هەڤاڵ باریش' و باوەشمان بە یەکتردا کرد. لە کاتی مەراسیمەکەدا، یەکێک لە هەڤاڵە ڕۆژنامەنووسەکانم کاتێک بەسی هۆزاتی بینبوو، گوتبووی 'لە چاوەکانییدا هەڵوێستی بێ دوو دڵی سەید ڕەزا هەیە'. ئەو قسانەی بیرم هاتەوە. بە ڕاستی وابوو، سەری نەوی نەکردوە.

هەر بژین

بەسێ هوزات بە دڵخۆشییەکی زۆر بەو سڵاوانەی لێدەکرا، داوای لێکردین سڵاو و سۆزی ئەویش بگەیەنین. هەروەها یەکەم پرسیاری ئەو ئەوە بوو کە مەراسیمەکە چۆنە. هەوڵمدا وێنەکانی مەراسیمەکە پیشانی بدەم کە تازە لە مۆبایلەکەمدا بڵاوکرابوونەوە. ئینتەرنێت لاواز بوو و لەو ساتەدا کە بەسێ هوزات لە پێشەوە وەستا و هەموو گەریلاکانیش بە یەکەوە لە پشتیەوە بوون، وێنەکە دەرکەوت، وتی: "هەڤاڵان زۆر بە دیسیپلین هاتبوونە شوێنەکە، هەر بژین." پرسیارم لێکرد دەربارەی بیروڕای لەسەر ئەم هەنگاوە چییە؟ وتی: "هەنگاوێکی سیاسیمان ناوە. ئەگەر حکومەت هەنگاوێک نەنێت بەردەوام نابێت، ئێمە خاوەن ئیرادەین." ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەوڵەت باخچەلی دەستی بە پرۆسەکە کردووە و تی: "حکومەت گەیشتووەتە ئەم خاڵە، مەترسییە پێشهاتەکانی ناوچەکەی هەست پێکردووە". لە ساتێکی گفتوگۆی گەرمدا، ڕۆژنامەنووسێک هات و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەسێ هوزات دەست پێکرد. لە بەردەم ئەشکەوتەکەدا لەگەڵ گەریلاکان درێژەمان بە گفتوگۆکان دا. هەمووان لە جۆشی مەراسیمەکە هاتبوونە دەرەوە و باسیان لەو کارانە دەکرد کە پێویستە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بکرێت.

گەریلاکان بە باوەڕەوە چەکیان هەڵگرتووە

بەداخەوە کات سنووردارە و کاتێکی زۆر زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی زیاتر تێبگەن، بەڵام بەرپرسێک باسی لەوە کرد کە ئەوان ناوچەکە چۆڵ دەکەن و پێویستە ڕۆژنامەنووسان بچنە دەرەوە. ئێستا باشتر لەو کەسانە تێدەگەم کە کەمێک زووتر ناوچەکەیان بەجێهێشتووە. ئەو گەریلایانەی چەکەکانیان سووتاندووە، بە باوەڕ بە ئاشتی، دیموکراسی، ئازادی و سۆسیالیزم چەکیان هەڵگرتووە. بەڵام دەبێت بەجێیان بهێڵین و جیاببینەوە. لە نەبوونی هەنگاوی یاسایی و ماف نیگەرانم. باشە، کاتی بیرکردنەوە لەم شتانەش نییە، کاتی ماڵئاواییکردنە!

'دیدارێک لە ناکاو'

کاتێک یەک بە یەک ماڵئاواییم لە گەریلاکان دەکرد، چاوم کەوتە سەر گەریلایەکی گەنج. لە کاتێکدا هەوڵم دەدا بەبیرم بێتەوە، پرسی: هەڤاڵ بارش، لە ساڵی ٢٠١٢ هاتبووی بۆ شاری ئامەد؟" بەڵێ ئێستا بیرم دێتەوە ئەدهەم! کاتێک ڕۆژنامەم دابەش دەکرد زۆرجار دەهاتم بۆ ئامەد. لە یەکێک لەو سەفەرانەدا ڕێگاکەم لەگەڵ ئەدهەم تێپەڕاندبوو. زۆر نەگۆڕابوو، بەڵام بە جلی گەریلایەوە نەمدەناسیەوە. کاتێک تێکۆشان لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا لەبار چووبوو، بڕیاریدابوو ببێتە گەریلا. ئێستا پێشەنگێکیشە لە تێکۆشانی دیموکراتیک و ئاشتیدا بە بینینی زۆر خۆشحاڵ بووم.

'لوولەی کڵاشینکۆفەکان لە ئاگردا سوور ببووەو'

کات تەواو دەبێت، دەبێت بچین. ئێستا هەنگاوەکانی بەردەممان گەورەتر دەبن. ئێمە نامانەوێت بچین. هەمووانمان لە باوەش گرت. بەسێ هۆزات وتی: "ئاگاتان لە خۆتان بێت، ئێمە دەبێ زۆر کار بکەین، ئێوەش دەبێ زۆر کار بکەن، نابێت رێبەرایەتیمان بە تەنیا جێبهێڵین." ئێمەی ڕوانەکرد، سڵاو و سۆزییمان بە هەموو لایەک گەیاند و لەیەک جیا بووینەوە! لەگەڵ سەرکەوتنمان بەسەر پلەکاندا، هیوایەکی زۆرمان هەبوو. هەست دەکەم لەسەر هێڵە تەنکەکەی نێوان شاخ و دەشتەکە دەڕۆم. کاتێک هەنگاوەکان کۆتایی هات، چاوم کەوتە مەشخەڵی ئاگرەکە کە چەکەکانی تێدا سووتابوو. لوولەی کڵاشینکۆفێکی سووتاو لە ئاگردا سوور ببووە، بەڵام ئەمجارە بە هۆی تەقینی گولـلەوە کە ئاراستەی دوژمن کرابێت سوور نەبووە، بەڵکو لە ئاگرێک کە گەریلا بۆ بنیاتنانەوە، تێکۆشان و ئاشتییەکی نوێ هەڵیکردووە، سوور بۆتەوە...