ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری: بەهیواین ببینە هاوبەشێکی چالاک لە بنیاتنانی سوریایەکی ناناوەندیی

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی دوایین کۆبوونەوەکان لەنێوان ئیدارەکە و حکومەتی کاتیی سوریا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی دوایین کۆبوونەوەکان لەنێوان ئیدارەکە و حکومەتی کاتیی سوریا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکاندا نوێنەری حکومەتی ئەمریکا و فەرەنسا ئامادەبوون. کۆبوونەوەکانی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ دەسپێکردنی دیالۆگی سوری_سوری ڕاستەقینە وەسفکرد.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی سوپاسی ئەمریکا و فەرەنسای کرد کە هەوڵدەدەن بۆ ڕەخساندنی ئارامی و ئاشتی و دیموکراسی لە سوریا.

بەلای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییەوە، تاوتوێکردنی پرسە چارەنووسسازەکان بەشێوەیەکی ڕوون و جددی دوای ناکۆکییە مەزنەکان، بە دەستکەوتێکی سیاسی مێژووییە و گەڕاندنەوەی متمانەی نێوان هێزە چالاکەکانی سوریاشی وەک پێویستییەک بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ ناوبرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " کاتی ئەوە هاتووە ئەو زمانە تێپەڕێنین کە دژی تەونی سوریایە، ئەو زمانەی کە دابەشبوونە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە. فرەڕەنگی لە سوریا دژی یەکێتیی نییە، بەڵکو سەرچاوەی هێزێکە کە دەبێت بیپارێزین. هاوکاری یان هاوبەشی بناغەی بنیاتنانی دەوڵەتە".

ئیدارەکە ڕایگەیاند یەکێتیی سوریا بابەتی دانوستان و سازشکردن نییە، بەڵکو پایەیەکی سەرەکییە لە ڕوانگەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و هەموو ئەو هێزە سیاسییانەی هاوبەشن لە پرۆژە دیموکراتیکەکەی؛ هەرکەس بازرگانی لەسەر ئەم پرسە بکات دەیەوێت بەربەست بخاتەبەردەم چارەسەری سیاسی.

هەروەها جەخت دەکاتەوە، سیستەمی دیموکراتیکی فرەڕەنگ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی ڕەگەزی و دەستوورێک کە مافی هەموو پێکهاتەکانە، داخوازییەکی نوێ نییە؛ بەڵکو جەوهەری هۆکارەکانی ڕاپەڕینی سورییەکانە لە ساڵی ٢٠١١. هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، ڕەتکردنەوەی ئەم داخوازییانە و وەسفکردنیان وەک جوداخوازیی، ڕاستی مێژوویی تێکۆشانی سوریا دژی ستەمکاری ئاوەژۆ دەکاتەوە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "سوریا ماوەیەکی زۆرە بەدەست سیستەمێکی ناوەندیی و ئاڵۆزییەکانەوە ئازار و ناڕەحەتی دەچێژێت، بەڵام ئێمە بەهیواین کە ببینە هاوبەشێکی چالاک لە بنیاتنانی سوریایەکی نوێ، سوریایەکی ناناوەندیی. ئێمە دەستبەرداری ئامانجەکای شۆڕشی ١٥ـی ئادار و ١٩ـی تەمموز نابین. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە ئامادەین لەسەر بناغەیەکی دیموکراتیک تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت ببین، بەشداربین لە داڕشتنی دەستوورێکی نوێ کە وەڵامگۆی هیوای سورییەکان بێت".

هەروەها ئیدارەکە بانگەواز لە هەموو لایەنەکان دەکات خاوەن بەرپرسیارێتی نیشتیمانیی بن، دەست لە گوتاری ڕق و کینە هەڵبگرن، دژی هەوڵە دەرەکییەکان بۆ ئاژاوەنانەوە بوەستنەوە، هەروەها بانگەواز لە هێزە سیاسییە نیشتیمانییەکان دەکات لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکگرتوو بن، دیالۆگی سوریا لە هەوڵەکانی تێکدان بپارێزن، هیواکانی گەلی سوریا لە دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراتیک و دادپەروەرانەدا مسۆگەربکەن.