دەوڵەتی تورک دەستی بە مافیاگەری ئەندامانی لەشی مرۆڤ کرد

رێزان خەلیل محەمەد کە لە عەفرینی داگیرکراو لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە دەستگیر و ئەشکەنجە درا و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە، لە نەخۆشخانەیەکی دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانی لەدەستدا و ئەندامانی لەشی دەرهێنران.

رێزان خەلیل محەمەد خەڵکی گوندی چاکالا ژۆرینی ناوچەی شیێی عەفرینە، بەر لە ١٢ رۆژ لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گەڕەکی مەحمودیەی عەفرین ڕفێنرا.

چەتەکان ٨ رۆژ رێزان خەلیلیان ئەشکەنجەداوە و دوای ئەوەی خانەوادەکەی فیدیەیانداوە، رێزان بە برینداری لەبەردەم ماڵەکەی دانرا.

خانەوادەی رێزان خەلیل محەمەد، رۆڵەکەیان بردووە بۆ نەخۆشخانەیەکی دەوڵەتی تورک، دوای ٢ رۆژ لە نەخۆشخانە بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانی لەدەستدا.

باسی ئەوە دەکرێت رێزان خەلیل لە نەخۆشخانە کوژراوە و ئەندامانی لەشی دەرهێنراون.

ئەمە یەکەم نمونەی مافیاگەری ئەندامانی لەشی مرۆڤ نییە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دەدرێت. لە ساڵەکانی ٢٠١٣/ ٢٠١٤دا هەندێک بەڵگە بڵاوکرانەوە کە لە نەخۆشخانەی کلس ئەندامانی لەشی هاوڵاتیەکی سوری دەرهێنرابوون.

هەروەها لە عەفرین کە ساڵی رابردوو حاڵەتەکانی کۆرۆنا زیادی کرد، خەڵکی ناوچەکە لە ترسی دزینی ئەندامانی لەشیان نەیاندەوێرا سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.

دانیشتوانی عەفرین رایانگەیاند، زۆر کەس بە شێوەیەکی تەندروست سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، بەڵام بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە و بە خانەوادەکانیان وتراوە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

ف.ق