بە پێی راگەیێندراوەکەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ٨ بەندیخانەی ئێران، زیندانیان بە هۆی جێبەجێنەکردنی داواکاریەکانیان لە چوارچێوەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چالاکی پروستۆییان ئەنجامدا.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پاسەوان و هێزە ئەمنیەکان بە گوللە و بۆمبی فرمێسکرێژ هێرشیان کردووەتە سەر زیندانیان و زیاتر لە ٣٥ زیندانی کوژراون و ١٠٠ زیندانی دیکەش بریندار بوون.
بە پێی سەرچاوە ئۆپۆزسیۆنەکان، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو بەندیخانەکاندا بڵاو بووەتەوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رایدەگەیێنن کە چەندین زیندانی بە هۆی هەڵومەرجە ناڵەبارەکانی ناو بەندیخانەکان و مەترسی بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە.
٢٩ی ئازار غولام حوسێین عیسماعیلی وتەبێژی وەزراەتی دادی ئێران رایگەیاندبوو، لە ١٩ی ئازارەو تا ٣ی نیسان ١٠٠ هەزار زیندانی لە چوارچێوەی بڕیارێکی تایبەتدا ئازاد کراون.
لە ئێران بە پێی ئامارە فەرمیەکان ٤ هەزار کەس بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بە پێی سەرچاوە ئۆپۆزیسیۆنەکان، لە ٢٤٢ شار و ناوچەی ئێران، ٢٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
ز.ش