پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر چالاکیی ١ی ئایار لە تەقسیمی ئیستەنبول

پۆلیسی تورک هێرشی کردە سەر چالاکیی سەمبولیکی پیرۆزبایی ١ی ئایار، کە بڕیاربوو لە گۆڕەپانی تەقسیم دا رێکبخرێت. ئارزو چەرکەز ئۆغڵو سەرۆکی گشتیی دیسک و چەندین کەسی تر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.

پێش دەستپێکردنی پیرۆزبایی ١ی ئایار، کە داوا کرابوو بەپێی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا لە گۆڕەپانی تەقسیم بەرێوەبچێت، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بارەگای ناوەندیی کۆنفیدراسیۆنى سەندیکاى کرێکارانى پێشڕەو و شۆڕشگێڕ (دیسک - DÎSK) لە بەشیک تەپەی ئیستەنبول.

ئارزو چەرکەز ئۆغڵو سەرۆکی گشتیی دیسک و بەڕێوەبەرانی سەندیکاکانى سەر بە دیسک بە ٢ تاجە گوڵینەوە لە بارەگای ناوەندیی دیسک چوونە دەرەوە، بەڵام ئارزو چەرکەز ئۆغڵو و بەڕێوەبەرانی سەندیکاکان دەستگیرکران. پۆلیس لەگەڵ گەیشتنی بەو کەسانە پێی راگەیاندن، رێگایان پێنادرێت بەرەو گۆڕەپانی تەقسیم بڕۆن. بەڕێوەبەرانی سەندیکاکانیش سەرباری رێگرییەکان بەرەو تەقیسم رۆیشتن، بەڵام پۆلیسی هێرشی کردە سەریان.

تاجە گوڵینەکان لەلایەن پۆلیسەوە پارچەپارچە کران و ئارزوو چەرکەز ئۆغڵو سەرۆکی گشتیی دیسک و چەندین کەسی تر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. عەدنان سەردار ئۆغڵو سکرتێری گشتی، ئۆزگیور کارابلوت سەرۆکی گشتیی سەندیکای دەڤ یاپی ئیشی، ئەردۆغان دەمیر سەرۆکی گشتیی سەندیکای دەڤ ساغڵک ئیشی، سەید  ئارسلان سەرۆکی گشتیی سەندیکای گیدا ئیشی، سولەیمان کەسکین سەرۆکی گشتیی ئینەرجی سەن بەشێک لە کەسە دەستگیرکراوەکانن.

چەرکەز ئۆغڵو لەسەر ئەکاونتی تایبەتى خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە "ئێمەیان دەستگیرکرد. ئەمڕۆ لە هەر چوار لای تورکیادا هەڤاڵە کرێکارەکانمان کار دەکەن، ئەوە زیان بە سیستمی گشتی ناگەیەنێت، بەڵام یادیکردنەوەى ١ی ئایار لەلایەن کرێکارانەوە زیان بە سیستمی گشتی دەگەیەنێت!".

ژ.ت