٦ ساڵ و ٣ مانگ سزای زیندانی بەسەر نوسەرێکدا سەپێنرا
سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بەسەر نووسەری کورد گوڵگەش دەریاسپیدا سەپێنرا.
سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بەسەر نووسەری کورد گوڵگەش دەریاسپیدا سەپێنرا.
گوڵگەش دەریاسپی نووسەر و ئەندامی پەنی کورد لە ساڵی ٢٠١٩دا بە تۆمەتی 'ئەندامبوون لە رێکخستندا' دەستگیر کرابوو و ٨ مانگ خرابووە زیندانەوە. ئەمڕۆ دووەمین دادگای سزا قورسەکانی شاری بەدلیس بۆ بڕیاردان لەبارەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ناوبراوەوە دانیشتنێکی ئەنجامدا.
دەریاسپی لەگەڵ بورهان ئاکسوی پارێزەرەکەی بەشداریان لە دانیشتنی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەدا کرد.
دەریاسپی لە مافی خۆپاراستندا هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، رەتکردەوە و داوای کرد ئازاد بکرێت. هاوکات پارێزەرەکەشی جەختی کردەوە کە بریگرتەکەی ئازاد بکرێت.
دواتر داواکاری گشتی، داواکاریەکەی ئاڕاستەی لیژنەی دادوەران کرد و بە بیانووی ئەوەی نووسەر گوڵگەش دەریاسپی 'ئەندامی رێکخستنە' داوای کرد سزا بدرێت.
لیژنەی دادگاش داواکەی، داواکاری گشتیی قبوڵ کرد و بە هەمان تۆمەت، سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی بەسەر ناوبراودا سەپاند.
وێنەکانی بەشداریکردن لە رێپێوان و خۆپێشاندانە دیمۆکراتیەکان وەکو بەڵگە خرابوونەڕوو و نووسەر دەریاسپی بە تۆمەتی 'ئەندامبوون لە رێکخستندا' لە ٢٥ی تەموزی ٢٠١٩ خرابووە زیندانەوە و لە ٣٠ی ئازادی ٢٠٢٠دا لە بەندیخانەی پیتی (E)ی شاری بەدلیس ئازاد کرابوو.
ز.ش