پڕۆفیسۆر نیکۆلاس لێڤرات، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسی کەمینەکان لە ئێران و پەیوەست بە سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی لە چاوپێکەتنێکییدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئاماژەی بەوەکردووە کە هیچ بەڵگەیەکی دادپەروەرانە لەبەر دەستی دادگادا نییە، بۆ سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەسەر ژنە چالاکوانی کورد پەخشان عەزیزیدا.
لە ١٤ی کانوونی دووەم، ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایانگەیاند کە سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزیدا پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکانە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکەیان کرد. هەروەها پارێزەران بۆ دووبارە دادگایکردنەوەی ناوبراو داکارییان تۆمار کرد و بڕیاری ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکە درا. بەڵام بڕیاردرا دۆخی زیندانیکراو پەخشان عەزیزی وەک خۆی بەردەوام بێت.
'هیچ بەڵگەیەکی دادگایکردنێکی دادپەروەرانە نییە'
نیکۆلاس لێڤرات دەسنیشانیکرد کە پەخشان عەزیزی لە پێکهاتەی کوردە بۆیە دەستوەردانیان لە دۆسیەکەیدا کردووە و وتی: "واتە دەستوەردان و بەشداربوونی لە کەیسی عەزیزیدا بەهۆی ژن بوونیەوە نییە بەڵکو لەبەرئەوەی لە پێکهاتەی کوردە بۆیە بەشداری کەیسەکەدا بووە. ئەگەرچی ڕژێمی ئێران بە تایبەتی ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج. عەزیزی ژنێکی کوردە و لەسەر خزمەتە مرۆڤدۆستیەکانیەوە لە ناوچە کوردییەکانی ئێران و عێراق، سوریا و تورکیا دادگایی دەکرێت، ئەمەش نیشاندەری ڕەوشی کوردانە له ئێران. جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان دەرەوەی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤە و پێشێلکارییە. ئێمە هیز و دەرفەتی ئەوەمان نییە بتوانینن دەستوەردان بکەین. تەنها دەتوانین بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە سزاکە و ناڕەزایەتیەکانمان بەرز بکەینەوە. لە دۆسییەدا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە دادگایکردنەکە دادپەروەرانە ئەنجام درابێت. ئەوەندەی لامان ڕوونە ئەو تۆمەتە بەس نییە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم سزایە."
'بارودۆخی ژیانی کوردان سەختە'
نیکۆلاس لێڤرات لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا وەک ڕاپۆرتدەران تەنها دەتوانن هەڵوێستی دژبەری پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ نیشان بدەن و ئەمەی وت: "دەرفەتی ئێمە لەوبورانەوە زۆر نییە بەڵام هەوڵەکانی خۆمان دەدەین. بەداخەوە بارودۆخی کورد بەگشتی لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین زۆر خراپە و زەحمەتە لەگەڵ ئەو حکوومەتانه هاوکاری بکرێت، بەتایبەت ڕژێمی ئێران تا ئێستا لەو بارەوە هیچ هەنگاوێکی نەرێنی نەناوە بۆیە سەبارەت بە دۆخی ژنان و مافەکانی ژنان بەتایبەت ژنانی کورد لە ئێران هەوڵ دەدەم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دیدار بکەین هەرچەندە زەحمەتە. بەڵام هەوڵی خۆم ئەدەم لەو بارەوە هەنگاو بنێم."
جێی ئاماژەیە ژنە چالاکوانی کورد پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٤ی ئابی ٢٠٢٣ لە تاران دەستگیرکرا و لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە تۆمەتی، ئەنجامدانی چالاکیی چەکداری دژی حکوومەتی ئێران، لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٤ سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها سزاکە لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران سزاکە پەسەند کرا.