بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی سەر داغ و ئەر کەمپەینی ناردنی نامەى ئیلکترۆنی دەستیپێکرد

بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیاری لەسێدارەدانی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر لە رێگەى ئیمەیڵ و نامەى ئیلکترۆنییەوە هەڵمەتێکی نامەناردن  دەستیپێکرد. بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو دوو گەنجە کوردە لەلایەن بەرپرسانی هەولێرەوە دراوە.

مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی میت بە ناوی عوسمان کۆسە لە ١٧ی تەممووزی ٢٠١٩دا لە هەولێر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو سزایە کەمپەینی ناردنی نامە و ئیمزا لە رێگەى ئیمەیڵەوە دەستیپێکرد.

لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا بنەماڵەکانی داغ و ئەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی سەر رۆڵەکانیان نامەیان بۆ نێچیرڤان بارزانی نارد، دوای ئەوەش لە سویسرا دەستپێشخەریی پشتیوانی لە داغ و ئەر دامەزرا.

دەستپێشخەریی پشتیوانی لە داغ و ئەر لە پێناو هەڵوەشاندنەوەى سزای لەسێدارەدانی سەر ئەو دوو گەنجە کوردە، دۆسیەیەک بۆ رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیتەى مافی مرۆڤی پەرلەمانی فیدراڵی بێرن، کۆمیتەى دۆستایەتیی کورد و پەرلەمانتارانی سویسرا، نوێنەرایەتیی سویسرا لە هەرێمی کوردستان ناردبوو و داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردبوون.

دەسپێشخەرییەکە لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا لە پێناو هەڵوەشاندنی سزای لەسێدارەدانی داغ و ئەر لە رێگەى ئیمەیڵەوە نامەیەکیان بۆ نێچیرڤان بارزانی نارد و کەمپەینی نامە ناردنیان دەستیپێکرد. لە نامەکەدا داوا کراوە، بڕیاری لەسێدارەدانی سەر دغ و ئەر هەڵبوەشێنرێتەوە. لە نامەکەدا ئەوەش داوا کراوە، بڕیاری لەسێدارەدانی لە یاساکانی هەرێمی فیدراڵی کوردستاندا لاببرێت.

داواشکراوە هەموان بەشداری کەمپەینی نامەناردنی ئیلکترۆنی لە رێگەى ئیمەیڵەوە ببن بۆ داغ و ئەر.

ناونیشانی ئەو ئیمەیڵانەى کە مرۆڤ دەتوانێت نامەیان لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی داغ و ئەر دا بۆ نێرێت بەمشێوەیەی خوارەوەن:

[email protected]

[email protected]

 

ژ.ت