بۆ رێپێوانی ١٤ی ئاب لە سویسرا بانگەواز بڵاوکرایەوە

لە دژی هێرشە داگیرکەری و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان لە ١٤ی ئاب کوردستانیان لەگەڵ دۆستەکانیان لە شاری زوریخی سویسرا دەڕژێنە سەر شەقامەکان.

لەسەر بانگەوازی "دەستپێشخەریی پاراستنی کوردستان - Defend Kurdistan" کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد لە سویسرا (CDK-S) / جەدەکە سویسرا) و یەکێتیی ژنانی کورد لە سویسرا (YJK-S / یەژەکە سویسرا) لە ١٤ی ئاب دا رێپێوانێکی جەماوەری رێکدەخەن.

چالاکییەکە بە دروشمی "تۆ لە دژی داگیرکردنی کوردستان راپەڕە" بەڕێوەدەچێت. بە ناوی دیوانی هاوسەرۆکایەتیی جەدەکە سویسراوە راگەیاندراو بڵاوکرایەوە و داوا لە کوردستانیان و دۆستەکانیان کراوە بەشداری رێپێوانەکە ببن.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "خاکی کوردستان لە ژێر داگیرکەریی دەوڵەتی تورکدایە. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بۆ ئەوەى شکست و رووخانی خۆیان و قەیرانە قورسەکان بشارنەوە بە هەموو شێواز و رێبازە قێزەونەکان لە کوردستان سیاسەتی کۆمەڵکوژکردن بەڕێوەدەبەن. سوپای تورکی داگیرکەر، کە لە هێرشەکانی بێ ئەنجام بووە دەستیکردووە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و لەو رێگەیەوە تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات. هەروەها لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە لە باشووری کوردستان هاووڵاتییانی مەدەنیمان دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن.

ئێمە داوا لە هەموان دەکەین، داوا لە وڵاتپارێزان و دۆستەکانمان دەکەین، کە بەشداری رێپێوان و کۆبوونەوە جەماوەرییەکە لە دژی داگیرکردنی کوردستان ببن. بۆ راپەڕین و وەستانەوە لە دژی داگیرکەری ئەو چالاکییە بەهێز بکەن".

رێپێوان و کۆبوونەوەکە ١٤ی ئابی ٢٠٢١ لە شاری زوریخی سویسرا لە کاتژمێر ١٤:٠٠ لە هیلڤیتیا پلاتز دەستپێدەکات".

ژ.ت