بافڵ تاڵەبانی: کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە)، بافڵ تاڵەبانی، پەیامێکی نوسراوی ئاراستەی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیوەست بە پەیماننامەی لۆزان کرد، جەختی کردەوە لەسەر یەکخستنی ڕوانگە و گوتاری سیاسی، ئاوڕدانەوە لە پرسی کورد و بەدیهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی.

سەرۆکی یەنەکە، بافڵ تاڵەبانی، پەیامێکی نوسراوی ئاراستەی ئەو کۆنفرانسە نێونەتەوەیە کرد کە بە ناونیشانی "لۆزان: ڕاستکردنەوە و پرسەکانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی" بە سەرپەرشتی (NRLS) لە شاری حەسەکە ئەنجام دەدرێت.

پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن ئەندامی (NRLS)، بێریتان مستەفا خوێنرایەوە. لە سەرەتادا، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ بەشدار لە کۆنفرانسەکە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "دەستخۆشی لە هەوڵەکان دەکەم بۆ تیشک خستنەسەر ئەو پەیماننامەیەی دژی کورد پێکهات، هەروەها پیرۆزبایی لە ئامادەکاران و بەشدارانی کۆنفرانسەکە دەکەم.

کوردەکان نزیکەی سەد ساڵە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە، ئەم پەیماننامەیە لەسەر حسابی گەلی کورد و جوگرافیا و کەلتوورەکەی پێکهات. کوردەکان هەمیشە بۆ مافی خۆیان تێکۆشاون، بەڵام بەداخەوە هەمیشە بوونەتە قوربانی بەرژوەندییە جیهانییەکان، بەڵام بەرخۆدانی ئەم گەلە، سەرەڕای دابەشکردنەکان، توانی هەبوون و جوگرافیاکەی خۆی بپارێزێت.

دوژمنان بەردەوام دەخوازن کوردستان داگیربکەن و مێژووی گەلەکەی لەناوببەن، بەڵام با دوژمن بزانێت گەلی کورد وەک چیاکانی کوردستان سەربڵند دەمێنێتەوە و ملکەچ نابێت، پێویستە هەموو هێزەکانی جیهان بزانن، ئێمە شەڕمان ناوێت و دژی هەموو شەڕێکین.

هەمیشە ویستومانە بە ئازادی و شکۆوە لەسەر جوگرافیاکەمان بژین، بۆیە ئێمە لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەردەوام دەبین لەپێناو بەدیهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کە خواستی مام جەلال تاڵەبانی بووە، بۆ گەلی کوردی دووپات دەکەینەوە، ئەم قۆناغە، قۆناغی یەکڕیزییە".

هەروەها بافڵ تاڵەبانی بانگەوازی کرد بۆ یەکخستنی ڕوانگە سیاسییەکان لەپێناو دۆزی ڕەوای کورد.