ڕەوتی مێژوویی پەیجووری ڕێبەرێتی
هەندێک مێژوو کاتێ هەڵدەکشێت دەنووسرێت، هەندێکی تر بێدەنگانە پەرشوبڵاو دەبێتەوە. بەڵام مێژووی گەلان هەمیشە بێدەنگ نابێت. لەوانەیە گوشاری بۆ بهێنرێت، نکۆڵی لێبکرێت، پچڕانی تێکەوتێت بەڵام وەک تۆو دەمێنیتەوە لە ژێر زەوی، بە دوای ڕێگای نوێی سەرلەنوێ بوژانەوەدا دەگەڕێت. مێژووی گەلی کوردیش ئاوایە. مێژووی پەیجوور، بەرخودان، فریودانەکان و هەموو جارێک پرسیارێکی گەورەی دووبارە کراوە. ئەو پرسیارە ئەوەیە: کێ نوێنەرایەتی ئێمە دەکات؟ کێ ڕێنمایی ئێمە دەکات؟ کێ شان دەداتە بەر داوای گەل؟
ئەو شیکردنەوە مێژووییەی ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ کردوویەتی، تەنها خوێندنەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو بێداربوونەوەیەکە لە واقیعی ناوخۆیی کۆمەڵگەی کورد، شکستخواردوویی، چۆنیەتیی دەرخستنی لە خودی خۆی و چۆنیەتیی بەدیهێنانەوەی بوونیەتی. ئەم شیکردنەوەیە نە تۆمەتبارکردنە، نە ڕەتۆریکێکی ڕووکەشیانە، نە گفتوگۆیەکی تەنگی ئایدیۆلۆژییە. ئەمە خوێندنەوەییەکی کۆمەڵایەتی-مێژوویی و شیکردنەوەیەکی زانستی کۆمەڵایەتی دیموکراتییە. ئەم شیکردنەوەیە بۆ ئەوە خراوەتە بەردەست کە گەلی کورد خۆی لە خۆی تێبگات، ڕەخنە لە خۆی بگرێت و دەست بە گەشتی دامەزراندنی ئازادیی ناوخۆیی خۆی بکات.
بەڵام جێی داخە ڕووناکبیرانێک هەن بەبێ تێگەیشتنی ئەم شیکردنەوەیە، بە خوێندنەوەیەکی ڕووکەشانە، بە خووە کۆنەکانیانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن، "پێویستە دەست لە هەستیارییەکان نەدرێت، پێویستە هان بدرێن" هەندێک ڕوناکبیریش نیەتیان باشە بەڵام داخراون، خۆیان تێناپەڕێنن. هەندێکیش هەیە کە هەموو ژیانی خۆی بۆ دژایەتیکردنی ڕێبەر ئاپۆ تەرخان کردووە، ڕزینی ناوخۆیی سەپاندووە و هیواکانی بە دەرەوە بەستووە و دەیانەوێ ئەم هەوڵە مێژووییە تەمومژاوی بکەن. بەڵام ئەوەی لێرە دەکرێت نە تۆمەتبارکردنە نە ستایشکردن، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ئەوەی گەل ڕووبەڕووی خۆی بێتەوە. بە تێگەیشتن لە ڕۆحی ئەم بانگەوازییە، باس لە ئاپۆجێتی ناکرێت، گفتوگۆ لەسەر ئازادیش ناکرێت.
تیۆری چوار قۆناغی بنەڕەتی مێژوویی- کۆمەڵایەتی
ڕێبەر ئاپۆ، ئەم شیکردنەوەیە لە سەر چوار قۆناغی بنەڕەتی مێژووی-کۆمەڵایەتی دادەڕێژێت: کوردایەتی کە بە نەریتی تەریقەت شێوەی گرتووە، سەردەمی ڕاگوزەری نەتەوەپەرستی بۆرژووازی بچووک، ڕیشەی پرۆتۆ-ئاپۆجی کە بە کەرامەتی تاکەکەسی بەڵام بێ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە و چوارەم و دوایینیان پێهەڵگرتنی ڕێبەرێتی ئاپۆجییە. ئەم چوار قۆناغە تەنیا قۆناغی مێژوویی یەک بە دوای یەکدا نیین، بەڵکو پچڕان و گەڕانەوەی ناکۆکیەکان و سەرلەنوێ لە دایکبوونەوەیە لە هێڵی گەشەی ناوخۆیی کۆمەڵگەی کورددا. هەریەکەیان، بە دەرهاویشتەی بەشێک لە ناکۆکیە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگە و ئاراستەکردنی بۆ ڕووی دەرەوە و لە دەستدانی واتا، حەقیقەت و ئازادی دیاری دەکات. ئا لێرەدایە کە ڕێبەرێتی دەستی بە تێکۆشان کردووە بۆ ئاراستەکردنی ڕووی ئەو ناکۆکییانە بۆ ناوەوە لە پێناوی ئەوەی کە کۆمەڵگە حەقیقەتی خۆی بگۆڕێت.
لە یەکەم قۆناغدا، ڕێبەرانی کورد کە وەک ڕێبەرێتی تەریقەت خستیەڕوو، هەندێک ڕەوتی عەلەوی و سوننی کە بە بانگەشەی داخراویی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی هاتنە مەیدان. بەڵام ئەم پێکهاتانە لە جیاتی یەکخستنی گەل لە سەر بنەمای وشیاری کۆمەڵایەتی و خۆڕێکخستن، چارەسەرکردنی ناکۆکی ناوخۆییەکان، ناکۆکییەکانیان بۆ دەرەوە ئاراستە کرد و بە خودا، دەوڵەت یان ئیرادەیەکی پیرۆزی دەرەکیان سپارد. قسەکانی شێخ سەعید لە بەردەم پەتی سێدارە، پوختەی ئەم دەرەکیکردنە تراژیدی و غەمگینیەیە. ئەمە تەنیا شکانێک نەبوو بەڵکو درککردنێکی قووڵ بوو بۆ ئەو برایەتییە ئایینییەی پشتی پێبەستبوو، ئەو پەیوەندییە نەبینراوەی کە لەگەڵ دەوڵەتدا دامەزراندبوو، هەمووی لە چرکەیەکدا نەما. ئەوەی لەو ساتەدا داڕما تەنها کەسایەتی شێخ سەعید نەبوو، بەڵکو ئەو وەهمە بوو کە گوایە خەڵک دەتوانێت پشت بەستن بە دەرەوە لە سەر پێ بمێنێتەوە.
بە هەمان شێوە دوایین بەرخودانی سەید ڕزا دژ بە سەپاندنی تەسلیمکاری هەرچەندە لە ناوخۆدا خاوەن خەسڵەتێکی تۆکمەیی ئەخلاقی بێت، بەڵام نوێنەرایەتی دوا ئەڵقەی مێژووی توانەوە دەکات. ئەو ڕابەرایەتییە نەریتییانە ڕەنگە بە سێدارەدان کۆتاییان پێهاتبێت، بەڵام ئەو شێوە بیرکردنەوەیەی پشتیان پێ دەبەست هێشتا یەکێکە لە قووڵترین ڤایرۆسەکانی ناو گەلی کورد.
تەریقەتگەرێتی، عەلەوێتی ساختە، بنەماڵەگەرێتیەی پشت بە هێزی خۆڕێکخستنی گەل و خوهۆشیاری نابەستێت و کراوەیە بۆ دزەکردن، گونجاندنی بەها پیرۆزەکانە لەگەڵ سیستەمی داگیرکەریی. هەموو ئەمانە دووبارە بەرهەمێنانەوەی ئەو سیستەمەیە کە لە نێو کۆمەڵگەدا ڕووخاوە. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا ئەم نەریتانە وەک "میرات"ێک لەقەڵەم دەدرێن، لە کاتێکدا بریتیین لەو پێکهاتە دەرەکییانەی کە گەشەی ناوخۆیی کوردبوونی خنکاندووە. ڕەخنەگرتن لەمانە بەمانای تۆمەتبارکردنی گەل نییە، بەڵکو ڕێکردنەوەیە بۆ گەل.
هەروەک هەڵوێستی حەزرەتی موسا دژ بە گوێرەکە زێڕینەکە و ڕەخنەی لە "کۆمەڵگەی نەفرەتلێکراو"، شکاندنی بتەکان لەلایەن ح.ئیبراهیمەوە، یاخیبوونی ح.محەمەد دژ بە جەهالەت، وتەکەی حەزرەتی عیسا کە "ئەوانەی گەلیان خۆش دەوێت، با خۆیان ڕەت بکەنەوە"، هەموو گەشتێک بەرەو حەقیقەت بە شکاندنی بتەکانی ناوەوەی دژ گەلەکەی خۆی دەست پێدەکات.
قۆناغی دووەم، سەردەمی بۆرژوازی بچووک کە بە نەتەوەگەریی کوردی سەریهەڵدا. لە قازی محەمەدەوە تا بارزانی و تاڵەبانی، ئەم هێڵە نە بە واتای کلاسیکەکەی فیۆدالە و نە بە واتای مۆدێرنەکەی تەواو بۆرژوایە. ئەمانە بە تێگەیشتنێکی دیاریکراو، دەرەکی واتە "ئەگەر هەرکەس دەوڵەتی دەوێت، ئێمەش دەمانەوێت" پێکهاتوون، لە بری ئەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان بە ڕێکخستنی ئەخلاقیانەی گەل چارەسەر بکەن، ئەرکەکەیان بە ناوەندە دەرەکییەکان (ئەمریکا، ئیسرائیل، یەکێتی ئەوروپا) سپاردووە، ئاراستەکردووە، چاوەڕێی دەوڵەتانی دەرەوە دەکەن و پشت بە خۆڕێکخستن و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی گەل نابەستن.
ئەم تەوەرە-هێڵە پشت بە بنەماڵەگەرێتی، عەشیرەتگەرێتی و دامەزراوەی ناوەندگەراکان دەبەستێت نەک بە گەل. نە بە تەواوی شۆڕشگێڕە و نە بە تەواوی دەوڵەتساز بووە. بەڵام مەترسیدارترین لایەنی ئەوەیە کە ئەم مەیلانە هێشتا لەناو گەلدا وەک "چارەسەر" دەخرێنەڕوو. لە کاتێکدا بە قسەی ڕێبەر ئاپۆ ئەم پێکهاتانە بەربەستیان لەبەردەم ئازادی ناوخۆیی گەل دروست کردووە و دەمامکێکی تری بێچارەیین. ئەو مەیلە ڕزگارییە، گەل ناکەنە بکەری ڕاستەقینە، بە پێچەوانەوە ناکارای دەکەن.
لە کۆتاییدا قۆناغی سێیەم، سەردەمی پرۆتۆ-ئاپۆجییە. ئەم هێڵەی کە بە جگەرخوێن، ئارام تیگران، سەعید ئەلچی وەک ناسنامەیەک دەناسرێنەوە، نە نەریتییە نە مۆدێرنیست، بەڵام دیسانەوە توانایی دامەزراندنی زهنیەتێکی نوێی نییە. ئەم کەسانە لە ڕووی تاکەکەسییەوە ئابڕومەند، ڕادەست نەبوون، ڕۆحی هونەریان هەیە بەڵام هێزێکی بەکۆمەڵی وشیاری کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنییان نییە. ئەم هێڵە شوێنپەنجەی هەستیارییان لەسەر گەلی کورد بەجێهێشتووە. بەڵام ناتوانرێت لەسەر ئەو ڕیشەیە، کۆمەڵگەیەکی نوێ بنیاد بنرێتەوە. چونکە ئەگەر خۆڕێکخستن نەبێت، ئەگەر خودوشیاری نەبێت، ڕادەستنەبوون تەنیا وەک دروشمێک دەمێنێتەوە، ناتوانێت بگۆڕێت بۆ گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی. پارادایمی ئاپۆجی ڕێک لەم قۆناغەدا و لەم بۆشاییەدا خۆی دەکات بە ناودا.
قۆناغی چوارەم، ڕاستی ڕێبەرێتی ئاپۆییە. جا لە نێو ئەم شکستەوە کاتێک گەل هیوای لە ڕێبەرێتیەکانی بڕیبوو، هێشتا چاوەڕێی ڕێبەرێتی دەکرد، پێهەڵگرتنێک کرا. کاتێک ڕێبەرێتی ئاپۆ هاتە سەر سەکۆی مێژوو، گەل لە حەقیقەتی خۆی، مێژووی خۆی، جوگرافیای خۆی نامۆ بوو. ئەو دەمە بوو کوردبوون تەواو ببوو و پووچ ببوویەوە. گەل لە ڕابردووی خۆی تۆرا بوو، باوەڕی بە داهاتووش لەدەست درابوو، دەستی کردبوو بە پەیجووری هیوا لە چیاکان، لە خەون و حکایەتەکان و لە ولاتانی تر بەدوای دا دەگەڕا. دەستبەرداربوون لە وڵات و دابڕان لە ڕیشە وەک ڕزگاری لێهاتبوو. بەڵام درێژەی دەدا بە چاوەڕوانی لە فریادڕەسێکی پیرۆزدا. ڕێبەرێتی ئەمەی بینی، تێگەیشت، ناسی و ئەم بووە هەڵگری ئەو پیرۆزییە بەڵام هەرگیز ڕادەستی نەبوو، بەڵکو وەریچەرخاند و گۆڕی. بۆیە ڕێبەرێتی ئاپۆیی پڕۆسەیەکە. ڕێبەرێتی ئاپۆ، مەسیح نییە، فریادڕەس- ڕزگارکەر نییە، بەڵکو سیستەمێکی واتایە کە لە ناو گەلەوە لە ناکۆکییەکانی خۆیەوە پێی هەڵگرت و ئەم ناکۆکییانەش دەگۆڕێت بۆ هێزی گەل و دژی ئەو ئاراستە و میلانەی دەوەستێتەوە کە ناکۆکییەکان دەرەکی دەکات. ئاپۆیی ئامانجی ئەوەیە گەل بتەکانی ناو خۆی بشکێنێت، هیوا دەرەکیکراوەکانیی، ناوەکی بکاتەوە و بیکاتە بکەر. شێوازی ڕێبەرێتی قەڵەمبازی هۆشیاری شۆڕشگێڕانەیە. ئەم شێوازە پێکهاتەی زانین نییە کە لە ناوەندەوە بێت بەڵکو بوونێکی بەکۆمەڵە لە نێو گەل خۆیەوە لە دایک دەبێت، پشت بە ڕایەڵەی پەیوەندی دەبەستێت، مانای لێ بار دەکات و ئەخلاق دادەمەزرێنێت. ژن هەڵگری ئەم پارادایمەیە، چونکە هەم لە ڕووی مێژووییەوە سەرکوتکراوە و هەم خاوەن عەقڵێکی ئەخلاقیانەی ئافرێنەر و دامەزرێنەری ژیانە. هەرچی سروشتە ئۆبژەی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو بەشێکە لە هاوسەنگی ژیان و بەدیهێنانە.
پێداگری لەسەر تێنەگەیشتن لە ڕێبەرێتی
ئەمڕۆ هەندێک هەن بەرەنگاری دەکەن لە تێنەگەیشتن لە ڕێبەرێتی. دەپرسن " بۆچی ڕێبەر ئاپۆ دەست بۆ ئەو میراتە دەبات، بۆچی ڕەخنە لە تەریقەتەکان، نەتەوەپەرستی، عەلەوێتی ساختە دەگرێت؟". دەرس وەرگرتن لە ڕاستی مێژووی خۆت، لە بێچارەیی کێشە کۆمەڵایەتییەکانت، بە ڕەخنەگرتن لە خود دەست پێدەکات. چونکە ئازادی بە پیرۆزکردنی بتەکان بەدی نایەت. ڕابردوو بە ستایشکردن نا بەڵکو بە ڕووبەڕووبونەوە تێدەپەڕێنرێت. ڕێبەرێتی ناوی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەیە. ئاپۆیی شۆڕشی زهنیەتە کە پشت بە قسەکردن لە جێی گەل نابەستێت، بەڵکو پشت بەوە دەبەستێت کە گەل دەنگی خۆی، ئەخلاق و ڕێکخستنی خۆی بونیاد بنێتەوە. ئەمە بژار نییە بەڵکو بەرپرسیارێتیەکی مێژووییە. ئەمڕۆ هەموو ئەو کەسانەی ئازادییان دەوێت یەکەم شت کە پێویستە بیکەن ئەوەیە ؛ کۆدە ڕزیوەکانی ناو ناخی خۆیان، ئەو نەریتانەی کە هەڵگری خەسڵەتی داگیرکەرییە، حەزی خۆپەرستانەی ناو ناخی خۆی و ڕزگاری پشتبەستوو بە دەرەوە، بەجێبهێڵێت.
ڕێبەر ئاپۆ خۆی پیرۆز نەکرد، بەڵکو یادەوەری پیرۆزی گەلی بە واتا گەیاند. ڕێبەرێتی ئاپۆیی کەڵتی شەخسی نییە، بەڵکو دووبارە لەدایکبوونەوەی گەلە لەسەر بنەمای واتا، ئەخلاق و پەیوەندی. کەس هەیە دژایەتی ئەمە بکات؟ ئیتر "ڕۆیشتن لە ڕێگای ڕێبەر" دا تەنها بەس نییە، هەرکەس دەبێت ڕێبەرێتیەکەی ناو ناخی خۆی بێنێتەئاراوە، گەل بە خۆڕێکخستن، ژیان دامەزرێنێتەوە. ئازادی لە سەرەوە نایەت، هۆشیاری لە ناوەندێکەوە نادرێت، کۆمەڵگە بە پلەداری بەڕێوەنابرێت، بە ئاراستەکردنی ناکۆکییەکان بۆ دەرەوە هیوا بەدەست نایەت، ئازادی و هیوا بە پڕۆسەی گەشەی ناوخۆیی، گۆڕینی ناکۆکییەکان بۆ ئازادی، خۆڕێکخستنی گەل، خوڵقاندنی واتا، بە دامەزرێنەریی ژنان، بە ژیانی کۆمون دروست دەکرێت. ئەمەیە ڕێبەرێتی ئاپۆیی. کەسانێك دەیانەوێت تێبگەن پێویستە گفتوگۆ بکەن، ئەوانەی مێشکیان تەمومژاوییە لە ڕێگای پەیوەندییەوە با تێیان بگەیەنین، پێویستە خەباتێکی ئایدۆلۆژی لە بەرامبەر ئەوانە بەرێوەببرێت کە پێداگری لەسەر ڕزینی ناوخۆیی دەکەن و هەر ڕەخنەیەک کە بەبێ تێگەیشتن لەم شێوازە ڕێبەرێتییە و بەبێ بیرکردنەوە بکرێت، هەڵاتنە لە حەقیقەتی خۆی و ڕووبەڕوونەبوونەوەیە لە ڕاستی خۆی.
بانگەوازییەکە بۆ شکاندنی زنجیرەکانی ناو ناخی گەل
ڕێبەرێتی ئاپۆیی، ڕێک بە پێچەوانەی پەیوەندی زانین-دەسەڵات کە لە ڕاهیبەکانی سۆمەر، کۆمیتەکانی سۆڤیەت، قەوارە چینایەتییەکان، ئەو پلەدارییانەی تا دەوڵەت-نەتەوەکان درێژە دەبێتەوە و بە پێچەوانەوەی ناوەنگەرێتی، باڵادەستی، قەوارەپارێزیی و دەسەڵاتپەرستیەوەیە، پشت بە پەیوەندی ئاسۆیی، مانادار، ئەخلاقیانە و گوێگرتن لە دەنگی ناخ و هێزی گەشەی ناوخۆیی گەل دەبەستێت. ئەمڕۆ ئیتر ڕێگای حەقیقەت لە تاکەکەسی، بنەماڵەیی، چین، گروپگەلێک یان دەوڵەت یان فریادڕەسە دەرەکییەکان نییە، بەڵکو لە کۆمەڵگە، ژن، خۆبەڕێوەبەر و ئافراندنی واتادایە. شیکردنەوەکانی ڕێبەرێتی ئاپۆیی تەنها ئەم ڕێگایە نیشان نادەن، بەڵکو خۆیان ئەوانە ئەنگوست بە ئەنگوست دەهۆننەوە. ئەوانەی نایانەوێت تێبگەن لەوانەیە ئەمانە وەک "ڕەخنە" ببینرێن، بەڵام لە ڕاستیدا بانگەوازەیەکە بۆ شکاندنی کۆتەکانی ناخی گەلە. سنووری ئەقڵی مرۆڤ هێشتا لە چاوەڕوانی ئەوەدایە کە بە ستایشکردن دەست بە سەردەمی نوێ بکرێت. بەڵام سەرەتایەکی ڕاستەقینە بە ڕووبەڕووبونەوە دەبێت. ڕێبەرێتی ئاپۆیی قسە بۆ بچوککرنەوەی گەل ناکات، بەڵکو قسە بۆ شکاندنی کۆتەکانی ناخی گەل دەکات. چونکە ئازادی تەنها مافی ئەوانەیە کە ڕووبەڕووی دیلییەکەی ناو ناخی خۆیان دەبنەوە و بتەکانی ناخی خۆیان دەشکێنن. ڕێبەرێتی ئاپۆیی دەیەوێ کۆمەڵگە جارێکی تر بکاتەوە بە بکەر، بە تێپەڕاندنی دۆخی ناکارایی و نیشتەبوونی، ژیان سەرلەنوێ بنیاد بنێتەوە و بە عەقڵی ژن، هاوسەنگی سروشت و هێزی ئەخلاقی کۆمەڵگە، یەکگرێتەوە. ئەمە ئیتر ئەرکێکە دواناخرێت. ئەمڕۆ تێگەیشتن لە ڕێبەرێتی، دۆخی هەمەگیرییەکی هزری نییە، بەڵکو بەشدارییە لە سەرلەنوێ خۆبونیادنانەوەی گەلێک، مێژووێک و جیهانێک.
ئاپۆییبوون لە بژارێک زیاتر، بەرپرسیارێتییە. چونکە مێژوو تەنها بە گوتار نا بەڵکو بە ڕێکخستن، ژیان و زهنیەت دادەمەزرێت. ڕێبەرێتی ئاپۆیی ئەم حەقیقەتەی نیشاندا. ئێستاش ئەرکی گەل، ڕێکخستنی ئەم حەقیقەتەیە. ئیتر نەک بە دوای ڕێبەر کەوتن، بەڵکو سەردەمی پێکهێنانێتی. هەر کەسێک، گروپێك، کۆمیونێک، ژنێک، گەنجێکی خاوەن ویژدان، ئەرکێتی بەو ڕێبازەدا بڕوات. لەبەرئەوەی ئاپۆجێتی ڕێگایەک نییە، بەڵکو خودی بە بکەربوونە.
وەرگێڕانی لە تورکییەوە؛ نەجیبە قەرەداغی
سەرچاوە: ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی کوردستان