بەشێوەیەکی جەماوەری سەردانی پرسەی گەریلا پەیام دەمیر کرا

خەڵکی پیرسوس بەشێوەیەکی جەماوەری چوونە سەردانی پرسە و گۆڕی گەریلای یەژاستار، پەیام دەمیر.

گەریلای یەژاستار پەیام دەمیر (ڕێڤان سوروچ)، ٢٨ ی ئادار لە دەڤەری ئالاندوز لە هەرێمی جیلۆ لە جولەمێرگ لە شەڕێکدا شەهید بوو. دوای دەرکەوتنی دەرئەنجامی دی ئێن ئەی، بنەماڵەکەی تەرمی کچەکەیان بردە ناوچەی پیرسوس لە ڕحا و بەخاکیان سپارد. خەڵکی پیرسوس بەشێوەیەکی جەماوەری چوونە سەردانی پرسە و گۆڕەکەی پەیام دەمیر.

سەردانەکە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی هاریکاری و پشتیوانی و چاندی ئەو بنەماڵانەی خزمەکانیان لە خاکی دێرین لەدەستداوە (KATDER) ئەنجامدرا. جەماوەرەکە سەرەتا سەردانی پرسەی بنەماڵەکەیان کرد و دواتر چوونە سەردانی گۆڕی دەمیر لە گوندی شەورامەزن. بەڕێوەبەرانی هەدەپە، دەبەپە، پارتی چەپی سەوز، دایکانی ئاشتی، پێکهاتەکانی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی ڕحا و خەڵکێکی زۆر بەشداریان لەو سەردانەدا کرد.

دوای پرسەکە، جەماوەرەکە چوونەتە گۆڕستان و لە دەروازەی گۆڕستانەوە تا گۆڕەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" ڕێپێوانیان کرد. لە کاتی سەردانی گۆڕەکەدا، ڕێز لە قوربانیانی دۆزی ئازادی گیرا.

ئەندامی مەجلیسی پارتی هەدەپە، ساڵەح میڤالی، قسەی کرد و باسی لەوە کرد، پەیام دەمیر لە گەمارۆدا بە خاک سپێردرا و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە گەمارۆکە و گوتی: "لەمەودوا هەرگیز سوکایەتی قبوڵ ناکەین. ئێمە قبووڵ ناکەین تەرمەکانمان لە نیوەی شەو و لەنێو گەمارۆدا بەخاک بسپێردرێت. ئیدانەی ئەو کەسە ئاینییانە دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا بێدەنگن".