ئەنجوومەنی بزووتنەوەى گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) لە دژی هێرشە داگیرکەری و پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین رایگەیاند، بەشداری هەڵمەتی سەفەربەری دەبن، کە لە ژێر دروشمی 'بە گەنجێتی وەک هەڵۆکان لە زاگرۆس بەرەوە سەرکەوتن دەڕۆین' بەڕێوەدەچێت.
تەجەشە راشیگەیاندووە، بە بەشداریی ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبەر لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و سویسرا لە کاتێکی مێژوویدا کۆبوونەوەیان بەڕێوەبردووە و دڵنیان لەوە گەنجان ئەنجامی گرنگ بە دەست دەهێنن و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:
'سیاسەتی پاکتاوکردن سەرەتا لە دژی رێبەرمان بەڕێوەدەچێت'
"دەوڵەتى تورکی داگیرکەری فاشیست و هاوکارە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانی لە کەسایەتیی رێبەرماندا لە دژی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان هێرشی پاکتاوکاریی قورس بەڕێوەدەبەن. حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە، حکومەتى شەڕی تایبەتن و پلانی مانەوە و هەبوونی خۆیان لەسەر سڕینەوە و لە ناوبردنی گەلەکەمان داڕشتووە. هەموو توانا و دەرفەتەکانی دەوڵەتیان خستووەتەکار و بۆ هێرشکردنە سەر زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و لە هەر چوارپارچەى کوردستان لە هەر شوێنێکدا هەوڵێک بۆ ئازادی هەبێت هێرشی دەکەنە سەر. ئێمە باش دەزانین، دەوڵەتی تورکی فاشیست، سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوە لە دژی گەلەکەمان، سەرەتا لە ئیمراڵی لە دژی رێبەرمان بەڕێوەدەبات. دوای ئەوەى لەوێ هیچ ئەنجامێکیان بە دەستنەهێنا پاکتاوکارییان لە دژی هەموو گەل خستەگەڕ. ئێمە بە ئاشکرا دەڵێن، ئەردۆغان و چەتەکانی زۆر بە خێرایی بەرەو لە ناوچوون و کۆتایی دەڕۆن.
'لە ساڵیادی پاکتاوکردنی ئەرمنییەکاندا خواستیان پاکتاوکردنی کورد بە ئەنجام بگەیەنن'
هێرشێک، کە ٢٤ی نیسان و لە ساڵیادی پاکتاوکردنی ئەرمەنییەکاندا کرایە سەر مەتینا، زاپ و ئاڤاشین بە رێککەوت نییە. پەیامی ئەو هێرشە ئاشکرایە، دەیانەوێت پاکتاوکردنی کوردان بە ئەنجام بگەیەنن و تەواوی بکەن. بەرخودانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، کە بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە دژی ئەو هێرشانە وەستاونەتەوە، لە ئێستاوە لە مێژووی ئازادیی گەلەکەماندا بووەتە خاوەن پێگەیەکی زۆر گرنگ. بەرخودانی گەریلا لە دژی هەزاران سەرباز، دەیان فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و چادێری، ئێف ١٦ و چەکی کیمیایی بەڕێوەدەچێت. ئەو بەرخودانە مۆری خۆی لە مێژووی شۆڕشی جیهانیش داوە. چەتەکانی دەوڵەتی تورک، کە ناتوانن هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنن، تووشی سەندرۆم و نەخۆشی بوون و لە شڵەژانێکی زۆر گەورەدان.
'گەنجانی ئاپۆیی بەرامبەر بە بەرپرسیاریی خۆیان هۆشیار و ئاگادارن'
ئێمە بە دڵنیاییەوە بڕوامان بە بەرخودان و سەرکەوتنی گەریلا هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمە وەک گەنجانی ئاپۆیی هۆشیاریمان بەرامبەر بەو بەرپرسیارییە هەیە، کە دەکەوێتە ئەستۆمان. ئێمە ناڵێین، 'لێدە گەریلا، لێدە، کوردستان دروست بکە'، بەڵکو ئێمە شانبەشانی گەریلا قارەمانەکان بۆ تێکۆشانی ئازادی لە دژی پاکتاوکاری لە هەموو شوێنێکدا بەرخودانی گەورە بەڕێوەدەبەین. ئازادیی کوردستان و ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ پێکەوە مسۆگەر دەکەین. ئێمە وتمان، 'گەنجان فیدایی رێبەر ئاپۆن' و ئێمە بە دۆست و دوژمنی نیشان دەدەین، کە گەنجانی رێبەر ئاپۆ چەند دڵسۆزی ئەو پەیمانەن و لەوەدا چەند پێداگرن.
بۆ هەڵمەتی سەفەربەریی 'بە گەنجێتی وەک هەڵۆکان لە زاگرۆس بەرەوە سەرکەوتن دەڕۆین' خۆمان بە تەواوەتی ئامادە کردووە و بە دڵنیاییەوە ئەردۆغان و چەتەکانی تێکدەشکێن. ئێمە ئیدی قسەکانمان بە چالاکییەکانمان دەکەین و دەڵێین، لە ئێستا بە دواوە قسەی ئێمە چالاکییەکانی ئێمەیە. با کەس نەڵێت، 'کەی و لە کوێ چالاکی هەیە' با ئەوە بزانرێت، کە 'لە هەموو ساتێکدا و لە هەموو شوێنێکدا' ئێمە چالاکی ئەنجام دەدەین.
بەو بڕیارە سەرەتا داوا هەموو گەنجانی کوردستان و هەموو گەنجانی شۆڕشگێڕ، دیموکرات، ئانتی فاشیست و ئینتەرناسیۆنالیست دەکەین، کە بەشداری لەم هەڵمەتە هەمەلایەنەماندا بکەن، بەشداری تێکۆشانی ئازادی ببن و لە دژی هێرشە هەمەلایەنەکانی فاشیزم بە شێوەیەکی هەمەلایەنە بەرەنگاری بکەن".
ژ.ت