دارستانەکانی بەدلیس بەشێوەیەکی سیستەماتیک دەسوتێنرێن و تاڵان دەکرێن
دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە تاوەکو خیزان بکاتە بنکەیەکی سەربازی، بەشێوەیەکی سیستەماتیک دارستانەکان تاڵان دەکات.
دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە تاوەکو خیزان بکاتە بنکەیەکی سەربازی، بەشێوەیەکی سیستەماتیک دارستانەکان تاڵان دەکات.
لە گوندەکانی سەر بە ناوچەی خیزانی بەدلیس پاش قەدەغەی هاتوچۆ لە مانگەکانی تەمموز و ئاب، بڕینەوەی دارەکان بەردەوامە. بەپێی زانیارییەکان، بەتایبەت شەوان دارەکان دەبڕێنەوە و ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٥ بارهەڵگر زیاتر دار دەبڕێتەوە و دەبرێت.
بەدلیس یەکێکە لەو شوێنانەی کە سەربازانی تورک بە ئاگادارییەوە داری تێدا دەبڕن. بەدلیس و ناوچەکانی تا ساڵانی نەوەدەکان، چیا و دەشت و دۆڵەکانی پڕ بوون لە دار. بەڵام لەسەدا ٩٠ی دارستانەکانی سووتاون یان بڕدراون. دەوڵەتی تورک کە هەرگیز لە بەدلیس وێرانکردنی سروشتی ڕانەگرتووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەدا چالاکییەکانی زیاتر کردووە. سوپای تورک بە تایبەتی لە شاری بەدلیس و ناوچەکانی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٣، لەژێ ناوی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، دەیان هەزار دۆنم دارستانی سووتاندووە و تا ئێستاش دەیسووتێت.
لە بەدلیس هەرێمی سەهی، هەروەها گۆڕەپانەکانی خیزان و موتکی و تەتوان زۆر دەوڵەمەندن بە دارستان. لەو ناوچانەدا سوپای تورک ساڵانە لەژێر ناوی "ئاسایش"دا ئاگر لە دارستانەکان بەردەدات و لەناویان دەبات. بەتایبەت گۆڕەپانی دارستانی دەوروبەری قەرەقۆل و قەڵا کۆنەکان ئامانجی سەربازەکانە. پێش هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئاگر لە دارستانەکە بەردەدرێت.
بەم دواییانە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەرێمی قەدەغەکراو، لە ناوچەی خیزان لە لایەن سەرباز و جەردەوان و کەسانی هاوکاری دەوڵەتەوە دار دەبڕدرێن. لە ٢ی حوزەیران، لە زۆرێک لە گوندەکان، بە تایبەت گوندەکانی حەرات، ئاکونوس، گۆڤان، لانیلان، خولەپور، کەکولان، سورەح، پێرتاوان، کوران و ئورەح لە خیزان و چەندین گوندی تر، هاتوچۆ قەدەغە کرابوو. دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنەکە، ئەو ناوچەیەی کە ناوی 'دارستانی فیندیکلیک' بوو، لە ١٤ی تەمموزدا وەک "هەرێمی ئاسایشی تایبەت" ڕاگەیەندرا. لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دارستانەکانی فندق لە گوندی خولەپور بە شۆفڵ لابراون، هەزاران دار بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی و دروستکردنی ڕێگاوبان لەناوبراون.