دەم پارتی لە سێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد شەرمەزار دەکات

پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە سێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە شەرمەزار دەکات و جەخت دەکاتەوە لەوەی، " سیاسەتی دوژمنایەتی و کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد بە دڵنیاییەوە تێکدەشکێت".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، حسێن مەزڵوم و محەمەد فەرامەرزی لە زیندانی قزڵحساری کەرەج لە سێدارەدران.

لەو بارەوە پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) توڕەیی و بێزاری خۆی لەو کردەوەی دەوڵەتی ئێران دەربڕیوە و بە توندی شەرمەزاری کردووە، هاوکات پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی گەلی کورد کردووە.

دەم پارتی راشیگەیاندووە، " ئەم سیاسەتەی دوژمنایەتی و مەرگ و کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد بەدڵنیاییەوە تێکدەشکێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو مرۆڤانەی کۆمەڵکوژکراون بۆ هەتا هەتایە لە مێژووی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد ناویان بە زیندوویی دەمێنێتەوە".

پێشتریش دەم پارتی لە رێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس بڵاویکردبووەوە، "ئەو ستەم و توندوتیژییەی دەوڵەتی ئێران لە زیندانەکاندا بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مافی مرۆڤ ئەنجامی دەدات، جینۆسایدێکی سیاسییە. دەوڵەتی فاشیستی دەیەوێت بە کوشتنی کورد دەنگی ئازادی کپ بکات. ئەم سیاسەتە چەپەڵە هەرەس دەهێنێت. ئەوانەی رێگەی ئازادییان گرتەبەر سەردەکەون".

هـ . ب