دەنگدان لە عێراق و باشووری کوردستان دەستیپێکرد

بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، دەنگدەران لەسەرانسەری عێراق و باشووری کوردستان لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئەم بەیانییەوە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی گشتی عێراق لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ بە کاتی ناوخۆیی دەستیپێکرد و تا کاتژمێر ١٨:٠٠ بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ٢٣ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار و ٨٤١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە یەک ملیۆن و ١٩٦ هەزار کەسیان دەنگدەری تایبەتن و دەنگدانی تایبەت لە ٨ی تشرینی یەکەم دا بەڕێوەچوو.

لەکاتی دەنگداندا ٣٤٣ هەزار فەرمانبەر و کارمەند کار دەکەن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەى دەنگدان لە هەموو بنکە و وێستگەکان.

دەنگدانەکە لە ٨ هەزار و ٢٨٣ ناوەنددا بەڕێوەدەچێت. بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، عێراق بە سەر ٨٣ بازنەدا  دابەشکراوە. ٣ هەزار و ٢٤٩ پاڵێوراو، کە ٩٥١ پاڵێوراویان ژنن، لە کێبڕکێدان بۆ بە دەستهێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمان.

جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، ٩٠٠ چاودێریی بیانی چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن.

لەساڵی ٢٠٠٥ەوە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەمە دەبێتە چوارەم هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٥، ٢٠١٠، ٢٠١٤ و ٢٠١٨دا هەڵبژاردنەکانی تر بەڕێوەچوون.

ژ.ت