یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی ئۆنور گەنجەر بکوژی دەنیز پۆیراز لە ٦هەمین دادگای باڵای تاوانەکانی بایراکلیی ئیزمیر بەڕێوەچوو. داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک بە تۆمەتی ئەوەى پەروین بووڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە دادگاکەدا "وتە و رەفتاری بۆ سوکایەتی پێکردن نیشانداوە" سکاڵایەکی بۆ لێپێچینەوە لە دژ تۆمار کرد.
هەروەها سکاڵا لە دژی ئەو کەسانەش تۆمار کرا، کە دیمەن و وێنەی دانیشتنەکەى دادگایان تۆمار کردبوو.
بووڵدان چیی وتبوو؟
پەروین بووڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە دانیشتنەکەى دادگادا لە بەرامبەر هەڵوێستی نەرمی سەرۆکی دادگا بەرامبەر ئۆنور گەنجەری بکوژ وتی: "ئەو کەسە لە منبج پەروەردە و راهێنانی پێکراوە. ئەندامی داعشە. ئێوە ناتوانن ئەوەندە بە ئارامی و بە ئاسوودەیی رەفتاری لەگەڵ بکەن. دەبێت ئێوە وەک بکوژێک لەگەڵ ئەو کەسەدا مامەڵە بکەن".
ئۆنور گەنجەر چەتەیەکی بکوژە، کە ژمارەیەکی وێنەشی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی تورک لەوانە سولەیمان سویلو وەزیری ناوخۆ و خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری و هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت) دا بڵاوکرابوویەوە.
ئەو چەتە بکوژە لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە هێرشی کردە سەر بارەگای هەدەپە و دەنیز پۆیراز خەباتکاری هەدەپەی لە بارەگاکەی هەدەپەدا کوشت. ئەو بکوژە هێرشەکەى بە هاوکاریی چەند کەسێکی تری فاشیست ئەنجامدا بوو.
ژ.ت